کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٥٧ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا

12:42 - 1 خەرمانان 2724

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگڕی'' لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا ڕایگەیاند کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لانیکەم ٥٧ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ٥٧ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتیی کۆماری ئیسلامی و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی "خۆڕاگری"، ژمارەیەک لەوانەی دەسبەسەر کراون دوای لێپرسینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و هێندێکیان تا ئێستا لەژێر لێپرسینەوەدان و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ئەو ئامارەی کە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردووە، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ٨ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، کە پێشتر لەلایەن ناوندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە لەسێدارەدان و زیندانیکردن و سزای نەختی حوکم درابوون.

بە گشتی ئەو دەسبەسەرکراوانە لە کۆی گشتیدا بە ١٤ ساڵ و ١١ مانگ زیندانیکردن و ٣ میلیارد و ٤٦٢ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کراون.

هەروەها پەخشان عەزیزی، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، حوکمی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەحنە و پەیڕەوی ئایینی یارسان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی ڕاپەینی ژن، ژیان و ئازادی لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژدا  لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە جێبەجێ کرا.