کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆلماز حەسەنزادە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە

11:06 - 14 گەلاوێژ 2724

چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها ڕۆژێک لە ڕاگواستنی ناوبراو بۆ بەندیخانەی ورمێ تێدەپەڕێت، بەڵام ناوبراو هەتا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ورمێ بێبەری کراوە و هێشتا لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

کوردپا لەە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە: سەرەڕای ڕۆیشتنی بنەماڵەی حەسەنزادە بۆ بەندیخانەی ورمێ، بەڵام مافی چاوپێکەوتنیان پێ نەدراوە. لەلایەکی دیکەوە سۆلماز حەسەنزادە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت و هەموو ڕۆژێک بە مەبەستی لێپرسینەوە لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕادەگوێزرێ.

مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەی حەسەنزادە، لەوانە مۆبایلی باوک و دایکی شەهید محەممەد تاکوو ئێستا لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانە و ڕادەستیان نەکراوەتەوە.

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە شەهیداانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و ئەحمەد حەسەنزادەش بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەحمەد حەسەنزادە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. هەروەها سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانی ورمێ ڕاگوێزراوە و دۆخی دادوەریی دۆسییەکەی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە لە بۆکان، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی باوک و خوشکی شەهید محەممەد، دایکی ناوبراو و دوو ژنی دیکەیان دانە بەر لێدان و توندوتیژی کە بەم هۆیەوە دایکی شەهید محەممەد ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بنەماڵەی حەسەنزادە بەبۆنەی لەدایکبوونی محەممەد لە هەوڵدا بوون، ڕێوڕەسمێکی بچووکی لەدایکبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا بەڕێوە ببەن، بەڵام لەگەڵ ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکران بەرەوڕوو بوونەوە.

سۆلماز حەسەنزادە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢شدا لەگەڵ ٣ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شیرین خەیات"، "سیمین خەیات" و "شەیدا ڕەزایی" بانگهێشتی میوانییەک لە شاری سەقز کرابوون کە لە خاڵی پشکنینی بۆکان_سەقز لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و شەهید کرا.