کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد

15:13 - 2 خەرمانان 2724

"ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"؛ ‏

دیارییەک بۆ جێژنی حەفتاونۆ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

 

لەبەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، حەفتاونۆهەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کتێبی "ئێعجازی ‏ئەنگوستی پاکی محەممەد" چاپ و بڵاو کرایەوە.

کتێبەکە وەک لە پێناسەیدا هاتوە؛ خوێندنەوەی شێعرەکانی شاعیری ‏ناسراو و بە ناو و دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوارەی ئیلخانیزادە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە ‏کە لەلایەن نووسەر و هاوکاری "کوردستان" تاهیر قاسمی نووسراوە و خاتوو شەهلا دەباغی، ژنە چالاکی دیاری نێو خەباتی ‏سیاسی و ئەدەبیی کوردی ڕۆژهەڵات ‏پێیدا چۆتەوە و وەشانخانەی "٤٩ کتێب" چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ‏

‏ سوارە ئیلخانیزادە ئەگەرچی لە بواری نووسینی چیرۆک و بابەتی ئەدەبیشدا گەلێک بەرهەمی بەنرخی لێ بەجێ ‏ماوە، بەڵام ئەو زیاتر وەک شاعیر و یەک لە بناخەدانەرانی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە ‏ژمارەی شێعرەکانی زۆر نین بەڵام "خەوە بەردینە" وەک دیوانی شێعرەکانی کەلێنێکی گرینگی لە مێژووی شێعری کوردی ‏بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕ کردۆتەوە. ئەو شێعرانەی کە بە بڕوای نووسەری "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی ‏محەممەد" نیزیک بە تەواویان لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا نووسراون و تریفەی تێکۆشانی ئەم ‏حیزبە تا ساڵانی کۆتایی تەمەنی شاعیریش هەروا دەفتەری شێعری ئەویان ڕووناک کردۆتەوە.‏

پڕانیی شێعرەکانی سوارە بە هۆی بارودۆخی پۆلیسیی سەردەم و دوای ئەوەی شاعیر لە زیندانی حەمەڕەزا شا ‏ڕزگار بوو، لەسەر ڕێبازی ئەدەبیی سەمبۆلیک و بەو پێیەش لە ڕەمز و ڕازدا نووسران. ئەوەش وای کرد کە هەتا ئەم ‏دواییانەش هەموو پەیامەکانی شێعری سوارە بۆ وەچەکانی دوای خۆی بەتەواوی ڕوون و ئاشکرا نەبن. لێکۆڵەر لە ئیعجازی ‏ئەنگوستی پاکی محەممەددا، هەوڵی داوە بە ناساندنی سەمبۆلەکان و شکاندنی کۆدی وشەکان مەبەست و هەڵوێستی ‏شاعیر لە ساڵ و سەردەمە جیاوازەکاندا بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە و لەم ڕێگایەوە خوێنەری کورد لەگەڵ بیر و ‏هەڵوێستەکانی سوارە ئاشنا بکا. ‏

ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد بە پێشەکییەک لەلایەن نووسەرەوە دەست پێ دەکا کە تێیدا باس لە ‏سەرەتای ئاشنایی خۆی لەگەڵ شێعری سوارە و هۆکار و مەبەستەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە و چۆنییەتیی دەسپێک و بە ئاکام ‏گەیشتنی کراوە. پاشان کورتە مێژوویەکی سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەیەی چلی هەتاوی ‏‏(شەستی زایینی) لەخۆ گرتوە کە زۆربەی هەرە زۆری شێعرەکانی سوارەش هەر لەو دەیەیەدا و لەژێر تیشکی تێکۆشانی ‏ئەو سەردەمی حیزبی دێموکراتدا نووسراون. لەم بەشەدا نووسەر باسی لە تێکۆشان و جموجۆڵە سیاسی و ئەدەبییەکان لە ‏هەردوو بەری دیوی گەرمێن و هەروەها لە زانستگای تاراندا کردوە کە سەنگەرێکی دیکەی خەباتی کوردایەتی و ‏تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بوو. بە دوای ئەوانەدا نووسەر باسی لە جیهانبینیی سوارە و ڕوانگەی ئەو بۆ کوردایەتی بە ‏گەڕانەوە بۆ نێوەرۆکی بەرهەمەکانی کردوە و لەم بەشەدا بەتایبەتی لە شێعری "بیرەوەریی دووی ڕێبەندان" دواوە. پاشان ‏یەک بە یەک شێعرە بەناوبانگەکانی سوارەی بەپێی مێژوو و بۆنەی نووسینیان هەر لە شێعری "بانگەوازی پەنجەرە" تا ‏‏"خێڵی درۆ" و سەرەنجام "خەوە بەردینە" و "تۆ دەریامی" لێکداوەتەوە و بە سەرنجدان بە نێوەرۆک و پەیامی ئەو شێعرانە، ‏ڕوونی کردۆتەوە کە هەر کامیان پێوەندی بە کێها ڕووداوی سیاسی و کام تێکۆشان و جموجۆڵی حیزبەوە هەیە. هاوکات لە ‏ڕێگای ئەم شێعرانەوە پێوەندیی نێوان ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خوێندکارە کوردەکانی زانستگای تاران کە ‏سوارەش یەک لەوان بوو، شی کردۆتەوە. ‏

هەڵبژاردنی ناوی "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" وەک ناوی کتێبەکە، لە دێڕێک شێعری بەناوبانگی ‏‏"خەوە بەردینە" وەرگیراوە کە بە بەرزترین شێعری سوارە هەژمار دەکرێ. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکە و لە لێکدانەوەی ‏شێعری خەوە بەردینەشدا ڕوونی کردۆتەوە کە خەوە بەردینە حەماسەی دامەزران و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە ‏و ڕستەی هەڵبژێردراو بۆ ناوی کتێبەکەش ئاماژە بە دەور و ڕۆڵی پێغەمبەرانەی پێشەوا قازی محەممەد لە دامەزران و ‏دانانی ڕێوشوێنی خەباتی ئەو حیزبە و ڕەوتی تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکا. ‏

"کوردستان" بەبۆنەی چاپی ئەو کتێبە بەنرخە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە تاهیر قاسمی، ئەندامی دەستەی نووسەرانی خۆی دەکا و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازێ.