کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوچوونی زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی سەلاسی باوەجانی بە هۆی ئاگرکەوتنەوە

11:08 - 14 گەلاوێژ 2724

لە چوارەمین ڕۆژ لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی سەلاسی باوەجانی و سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە لەلایەن پارێزەرانی ژینگەوە بە مەبەستی پێشگرتن لە بەربڵاوبوونەوەی ئاگرەکە؛ ئەگەری تەشەنەسەندنی ئەم ئاگرە زۆرە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەی ئاوپرژێن پێویستە.

لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە، بەشگەلێک لە دارستان و لەوڕگەکانی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون کە ئەم ئاگرە هەتا ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە لەوڕگە و دارستانەکانی "دڕی، وانیسەر، جەنگە، کێسەڵە، گوڕشێ و هاڵە‌شەر" سەر بە ناوچەی "خانە شوور"ی سەلاسی باوەجانی گرتووەتەوە.

کوردپا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە چڕبوونی دارستانی ئەم ناوچەیە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێ؛ ئەم ناوچەیە بە داری "بەڕوو و قەزوان" داپۆشراوە و دارستان و گژوگیاکەی بە چەشنێک چڕ و پڕە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لەلایەن مرۆڤەوە زۆر سەختە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیش بە کردەوە هیچ هەوڵێک نادەن و هیچ بەرنامە و مودیرییەتێک بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بوونی نییە.

بە وتەی شایەتحاڵان، لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا تەنیا هێلیکۆپتەرێک نێردراوەتە ئەم ناوچەیە، بەڵام هیچ کاراییەکی نەبووە. چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانەی کە لە توانای مرۆڤدا نین، پێویستی بە فڕۆکەی ئاوپرژێنی ٤٠ هەزار لیتری هەیە نەک هێلیکۆپتەرێک کە بۆ گواستەوەی مرۆڤ بەکار دێت. هەروەها پێویستە لە هەر ناوچە و شارێکدا ناوەندی کوژاندنەوەی ئاگری تەیار بە پێداویستی و هێزی مرۆیی پسپۆڕ دامەزرێت تاکوو بتوانن پێش بە بەربڵاوبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان بگرن. بەم هۆیەوە و بە ناردنی هێزەکانی جەهادی کشاوەرزی، سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگە، ڕێژیم سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ناکارامە بووە و کۆنترۆڵی بەشێکی بەربڵاو لە ئاگرەکە لە سەر شانی ژینگەپارێزەران بووە.

تاکوو ئێستا چالاکان و ژینگەپارێزان لە زیاتر لە ٧ شاری کوردستانەوە لەوانە شارەکانی جوانڕۆ، ڕوانسەر، پاوە، سەقز، کامێران، مەریوان و سنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاگرە و بە شێوەی خۆبەخشانە چوونەتە ئەم ناوچەیە و هەوڵەکانی خەڵک بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بەردەوامە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە؛ هەبوونی چالاکانی ژینگەپارێزیی بەئەزموون بووەتە هۆی ئەوەی کە ژینگەپارێزان زۆر وشیارانە سەرەتا بیر لە کۆنترۆڵکردنی گژوگیاکە بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوەی زۆرتر بگرن و دواتر هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە بدەن کە ئاگریان تێ بەر بووە. تاکوو ئێستا دۆخەکە بە ڕێژەیەکی زۆر بە مەبەستی پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و هەڵگیرسانەوەی ئاگرەکە لە سەریێە.

هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، هۆکاری مرۆیی ڕاگەیەندراوە، بەڵام تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە چ کەسانێک و بە چ ئامانجێک ئەم کارەیان کردووە.