کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ تۆڵەی ئیسماعیل هەنییە

11:44 - 3 خەرمانان 2724

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا و فەرانسە، لە کاردانەوە بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، جەختی لە مافی بێ ئەملاوئەولای تاران کردەوە.

هاوکات وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی سەبارەت بە مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئێرانەوە ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، عێراقچی هەروەها داوای لە فەرانسە و لایەنکانی دیکەی ڕۆژاوایی کرد بۆ پێشگرتن لە پەرەگرتنی شەڕ و بەرزبوونەوەی گرژییەکان تەرکیز بخەنە سەر خەتاباری ئەو دۆخە واتە ئیسرائیل.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە وتووێژی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرانسە بڵاو کردەوە کە باسی ئەو لێدوانانەی عێراقچیی  نەکرد.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ستیفان سێژۆرنە وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە وتووێژێکدا لەگەڵ عێراقچی نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دەربڕی و داوای کرد هەوڵ بدات ڕێگری لە گرژییەکانی ناوچەکە بکات.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە هەروەها سەبارەت بە بەردەوامیی چالاکییە ناسەقامگیرییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا.

دوابەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، عەلی خامنەیی و کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان دابوو کە وڵامی کوشتنی هەنییە بە توندترین شێوە ئەدەنەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر ٣ حەوتوو لەو ڕووداوە، ڕیژیمی ئێران جگە لە هەڕەشەی بێ بنەما هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.