ئەمڕۆ ٣ی خەرمانان شەش ساڵ بە سەر شەهیدبوونی شەهیدانی ژینگە، شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی تێپەڕ دەبێت.
شەش ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان کە بەهۆی تۆپبارانی سپای پاسدارانەوە ڕووی دا، لەپێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمان، گیانی خۆیان بەخت کرد.
شەهید شەریف و شەهید ئومید دوو ئەندامی نیشتمانپەروەری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بوون و ڕۆڵێکی گرینگیان لە پاراستنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کولتووری ژینگەپارێزیدا هەبوو.
هەر بەم بۆنەوە ٣ی خەرمانان وەک ڕۆژی شەهیدانی ژینگە لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ناودێر کرا و لەم ڕۆژەدا یاد و ناوی شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی و سەرجەم شەهیدانی ژینگەپارێزی نیشتمان بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت.
شەهید شەریف باجوەر لە سەرەتاکانی دەیەی ٧٠ و پاش ماوەیەک پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو بە پێشمەرگە و پاشان بە هاواهەنگیی حیزبەوە نێردرایەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
شەهید شەریف پاش گەڕانەوەی بۆ نیێوخۆ، ئەندامێکی هەرە چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و تا کۆتا چرکەساتەکانی ژیانی لەسەر ڕێبازی حیزبەکەی تێکۆشا.
هەر بەم بۆنەوە دەیان جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لێ کرا و بۆ ماوەیەکیش لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەژێر لێپرسینەوەدا بوو.