کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوکارێکی کوردکاناڵ لە وڵاتی سوید

12:06 - 3 خەرمانان 2724

ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی ٢ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، كاک سەردار ئیبتدا خەڵكی شاری مەهاباد، هاوکاری ماندوونەناسی كوردكاناڵ دوای چەند ساڵ بەربەرەكانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

‎كاک سەردار لە ساڵی ٢٠٠٧ وەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە كۆمیتەی سویددا دەستی بەكار كرد و لەگەڵ دامەزرانی كوردكاناڵ وەک یەكێک لە کامێراوانانی ئەو دەزگایە لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و خۆپێشاندان و كار و چالاكییەكانی حیزبی دێموكرات و ڕەوەندی كوردی ئامادە بوو و ساڵانێكی دوور و درێژ لە بەشی ڕاگەیاندنی حیزب لە كۆمیتەی سوید و دەرەوەی وڵاتدا وەک کامێراوان و وێنەگر خزمەتی بە گەل و نیشتمان كرد و ئارشیڤێکی بەنرخی بۆ نەوەی داهاتوو پاشەکەوت کرد .

‎کاک سەردار مرۆڤێكی خاكی و خاوەن هەڵوێستی كوردانە و نیشتمانی بوو کە ماوەی چەند ساڵێک بەهۆی نەخۆشی نەیتوانی وەک پێویست كار و چالاكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەنجام بدات. بەڵام بە دڵ و بە گیان لە تەنیشت حیزبی دێموكرات و ڕەوەندی كوردی لە تاراوگە مایەوە و لە ڕۆژە تایبەتەكاندا بەردەوام لە تەنیشت حیزب بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.