شۆڕای هاواهەنگیی ناڕەزایەتیی پەرستاران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا پەرستاران لە ٣٥ شار و زیاتر لە ٦٠ نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و بەڵێنەکانی وەزیری تەندروستی، بەردەوامن لە ناڕەزایەتی نیشاندان و مانگرتنیان و ئەم شۆرایە داوای لە خەڵک کردووە کە پشتگیریی پەرستارانی ناڕازی بکەن.
لە ڕاگەیەندراوی ئەو شۆرایەدا کە ڕۆژی ٢ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە هاتووە، پەرستاران بە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە دۆخی نالەباری بژێوی ژیانیان دەنگیان بەرز کردووەتەوە و لە چەند حەفتەی ڕابردوودا گەورەترین مانگرتنی پەرستاران و کارمەندانی بەشی پزیشکی و دەرمانی لە ئێراندا بەڕێوە چووە.
هەر لەم پێوەندییەدا محەممەدڕەزا زەفەرقەندی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی پزشکییان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی سازمانی نیزام پەرستاری، وتی بارودۆخی کارکردن و ژیانی پەرستاران پێویستی بە گرنگیدانی جیددی هەیە و ئاماژەی بەوە دا کە وەزارەتی تەندروستی هەوڵێکی جیددی دەدەات بۆ دابینکردنی ژێرخانی یاسایی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەرستاران لە ماوەی سێ مانگدا.
جێگەی باسە کە لە شارەکانی وەکوو کەرەج، شیراز، بەندەرعەباس، ڕەفسەنجان، ئەراک، یەزد، مەشهەد، ئەهواز، ئێسفەهان، ئابادان، جەهرۆم، فەسا، ئابادە، کەنگەن، ئیسلام ئاباد، هەمەدان، بووشێهر، داراب، تەورێز، یاسووج، قەزوین، نەیشابور، دێهدەشت، کرماشان، مەریوان، ڕەشت، تاران، سیرجان، تەورێز، بیرجەند، زەنجان، لەمەرد، چابەهار و شاری کورد بە بەردەوامی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پەرستاران بەڕێوە دەچێ.
لەو کۆبوونەوانەدا پەرستاران بە بەرزکردنەوەی پلاککارد و دانی دروشم ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دەدەن و داوای مافی خۆیان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ پەرستاری ناڕازی لە شارە جیاجیاکان بۆ ناوەندە ئەمنییتیەکانی ڕێژیم بانگهێشتی کراون.