کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەکانی ڕێژیم سەبارەت بە شێوازی کوژرانی هەنییە پارادۆکسیان تێدایە

11:10 - 14 گەلاوێژ 2724

پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کوشتنی ڕێبەری حەماس لە میوانخانەی سپای پاسداران لە تاران و لێکۆڵینەوەکانی سپا سەبارەت بە چۆنییەتیی ئەنجامی کوشتنەکە، بەیاننامەی سێهەم لەلایەن ئەم ڕێکخراوە بڵاو کرایەوە.

سپای پاسداران ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ لە بەیاننامەی سێهەمی خۆیدا ڕایگەیاندووە "بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ڕێگەی هاوێژەرێکی کورتمەودا کە کڵاوە جەنگییەکەی ٧ کیلۆ بووە، لە دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونی هەنییە، ئەنجام دراوە".

سپا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پلاندارشتن و ئەنجامی کوشتنەکە لەلایەن ئیسرائیل و بە پشتیوانیی ئەمریکا ئەنجام دراوە.

سپای پاسداران لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا و بۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تۆڵەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە سەداسەدە و ئیسرائیل لە کاتی گونجاودا بە وتەی سپا "سزای سەخت" ئەدرێت.

ئیدعاکانی سپای پاسداران سەبارەت بە چۆنییەتیی کوشتنی هەنییە لەکاتێکدایە کە پێشتر سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی جیهان لە زاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران و چەند سەرچاوەی ئاگاداری هەواڵگرییەوە، شێوازی کوشتنی ڕێبەری حەماسیان بە شێوازێکی دیکە باس کردووە.

دوو ڕۆژنامەی بەناوبانگی ڕۆیتێرز و تێلێگراف لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەی ئاگادار لە نێو سپای پاسدارانەوە ڕایانگەیاندبوو کە هەنییە لە ڕێگەی بۆمبرێژکردنی ژووری نووستنەکەی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی مووساد لە سپای ئەنسارولمەهدی، کوژراوە.

سپای ئەنسارولمەهدی لقێکی سپای پاسدارانە کە ئەرکی پاراستنی کەسایەتییەکانی لە ئەستۆیە.

سەبارەت بە بەیاننامەکەی سپای پاسداران جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووداوەکانی هاوشێوەدا وەک خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بە مووشەکی سپای پاسداران، ئیدعای جیاوازتری لە سەرچاوە جیهانییەکان باس دەکرد.