کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمان پیرۆزە ناوی، لەو هەوای حەیرانەدا

23:31 - 3 خەرمانان 2724

نیشتمان پیرۆزە ناوی، لەو هەوای حەیرانەدا (شەهید سەید قادر عەلەوی)

 

بانگی بەستەی ئاورن دەنگت! لە ئاسۆی دوورەوە
نیشتمان پیرۆزە ناوی، لەو هەوای حەیرانەدا

برایم چووکەڵی

مێژووی خەباتی کورد قەرزباری ئەو ڕۆڵە بەئەمەگانەی گەلی کوردە کە بۆ پساندنی زنجیری کۆیلەتی ‌و یەخسیری ‌و بۆ ڕادانی سێبەری شوم ‌و نەگبەتی ‌و چارەرەشی و‌، بۆ خەبات دژی زۆرداران ‌و چەوسێنەران، ئازایانە ‌و شۆڕشگێرانە چەکی شەرەفیان کردۆتە شان‌، سینگی پڕ لە تاسەی خۆشەویستی نیشتمانیان کردۆتە قەڵغانی گوللەی دوژمنان ‌و نەیارانی گەڵ ‌و بە سەخاوەتەوە گیانی پاکیان پێشکەش بەدایکی نیشتمان کردوە. لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا یادی یەکێک لەم ڕۆڵە زەحمەتکێشانە، شەهید سەید قادر عەلەوی لە ناوچەی شنۆ دەکەینەوە.

سەید قادر ساڵی ١٣١٩ لە گوندی "باب‌خاڵاوێ"ی ناوچەی نەڵۆسی شنۆ لەدایک بوو. ئەم کۆرپەیە لە باوەشی گەرمی دایک ‌و باوکێکی نەدار‌دا پەروەردە کرا. ئەو کە نەیتوانیبوو بچێتە قوتابخانە، لە داوێنی زنجیرە چیاکانی ئەو مەڵبەندەدا بە ئارەقە ڕشتن بۆ بژێوێکی هەژارانە تێکۆشا و شانی بەر بەرپرسایەتی دا. شوانی‌، دەسکەنە، ئاوداشتن‌، کرێکاری، پێمەڕەکاری و زۆرکاری ئەوتۆی لادێ، لە جێی پێتەکانی ئەلف‌وبێ بوون کە سەید قادر هەر ڕۆژێ لەگەڵ یەکیان ئاشنا دەبوو. ئاوایی سەیدقادر و ئاوایییەکانی دەورووبەریش لە قۆتابخانە بێبەری بوون، بۆیە خوێندن لە شار بۆ زەحمەتکێشانی لادێ بەگشتی و بۆ بنەماڵەی سەید قادر عەلەوی بەتایبەتی بەدەگمەن دەڕەخسا.

ساڵ هاتن ‌و چوون و سەید قادر بوو بە لاوێکی بەشان‌وباهۆ، ئێش ‌و ئازاری ژیان چڕوقایمی بار هێنابوو، و ئیرادەیەکی پتەوی تێدا خوڵقاندبوو. قوتابخانەی ژیانیش چەوسێنەرانیان بە سەید قادر ناساندبوو، ئەوانەی خەڵکیان بۆ بێگاری دەنگ دەدا، ئەوانەی دەستیان بەسەر بەرهەمی جووتیارانی ئاوایی دادەگرت ‌و ڕەنجی ئارەق ‌و ژینی ئەوانیان بە تاڵان دەبرد، ئەوانەی ژاندەرمەی حکومەت بوون ‌و لەگەڵ ئاغا دەبوونە هاودەست ‌و هاوکار، سەیدقادر لە ڕیزی خەڵک جیای دەکردنەوە و بە چاوێکی دیکە سەیری دەکردن، و بەکردەوەش لەبەرامبەر ئەوانەدا سەربزێوی دەکرد.

ڕاپەرینی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ سەیدقادر دەستنیشان کرد، بۆی دەرکەوت حیزبێک هەیە ڕێ‌نیشاندەری هەژارانی کوردەوارییە و بۆ ڕزگارییان خەبات دەکا. بۆیە پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت‌ و بەڵێنی دا هەتا سەر ڕێبواری قازی بێت و گیانی بکاتە خەڵاتی بەرەوپێش بردنی ئامانجی ئەو حیزبە. بەمجۆرە و لەو کاتەوە سەید قادر وەک ئەندامی حیزب دەستی بە تێکۆشانی نهێنی کرد.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هەر لە یەکەم ڕۆژانی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب لە زستانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، سەید قادر بە هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی، بەڵێنیی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی نوێ کردەوە. بە لێوەشاوەیی نواندن، ڕەچاوکردنی دیسیپلین، هەڵسووڕان ‌و فیداکاری لە شەری سێ مانگەدا، سەرنجی بەرپرسان ‌و هاوسەنگەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ڕابردووی خەباتگێڕانە، تێگەیشتوویی لە مەسایلی سیاسی‌ و هەوڵدان بۆ فێربوون ‌و ڕێک‌وپێکی‌ و جێ‌کردنەوە لە دڵی هاوسەنگەراندا‌، ورەبەرزی‌، ئیمانی پتەو بە حیزب ‌و شارەزایی لە گەڵاڵەداڕشتن ‌و زەبر وەشاندن لە دوژمن‌، چەند تایبەتمەندیی هەرە دیار بوون کە لە سەید قادر عەلەویدا بەدی دەکران. بۆیە لە پاییزی ساڵی ١٣٥٨ بە فەرماندەری پێشمەرگەکانی لکی شەهید فەتتاح لە هێزی سمکۆ دیاری کرا و تا کاتی شەهید بوون ئەو بەرپرسایەتییەی بەڕێوە برد.

شەهید سەید قادر لەو ماوەیەدا نیشانی دا فەرماندەرێکی بەوەجە و لە جێبەجێ‌کردنی ئەرکەکان‌دا ماندوویەتی ناناسێ. چالاکانە مەئموورییەتی حیزبی بەڕێوە دەبرد و بە لێوەشاوەیی ڕێنوێنی‌ و فەرماندەریی پیشمەرگەکانی دەکرد. لە ناوچەکانی سەردەشت‌ و شومالی کوردستان بە باشی ئەرک ‌و مەئموورییەتەکانی حیزبی ڕادەپەڕاند. ئەو چ بە مەئموورییەت بۆ ناوچەکانی سەردەشت‌ و شومالی کوردستان ‌و، چ لە شەڕەکانی ناوچەی شنۆ ئەوپەڕی بوێری، فیداکاری ‌و کارامەیی خۆی نواند. شەڕە حەماسییەکانی دێ‌شەمس، سەرگیز و گەلی ‌قاسملوو، بیرهێنەرەوەی ئەو قارەمانییەن کە سەید قادر لە ڕیزی پێشەوەی هاوسەنگەرانیدا خوڵقاندبوویان.

هاوینی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشێکی پان‌وبەرینی بۆ سەر ناوچەکانی شومالی کوردستان‌ و شنۆ هینابوو. لە ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ١٣٦٠ شەرێکی توند و نابەرابەر لە نێوان پێشمەرگەکان‌ و هێزی داگیرکەر، لە نێوان شاوانە ‌و گرکاشانی شنۆ دەستی پێ کرد. دوژمن بە هەزاران بەکرێگیراوی خۆی هێنابووە مەیدانی شەڕ و بە تۆپ‌ و خۆمپارە و چەکی قورس ‌و نێوەقورس سەنگەری پێشمەرگەکانی دەکوتا. هاوکات چەندین هێلیکۆپتێر لە ئاسمانی مەیدانی شەڕ سەنگەری ڕۆڵەکانی دیموکراتیان ئاورباران دەکرد. مەیدانی شەڕ ببووە پارچەیەک ئاگر. لەنێو گڕ و سوتمان ‌و دووکەڵ ‌و بۆنی باڕووتدا، لە قەدپاڵی چیاکانی گرکاشان و شاوانە، ڕۆڵەکانی دیموکرات لە شنۆی دڵسۆز جارێکی دیکەش دەرسێکی لەبیر نەچوویان دایە داگیرکەرانی کوردستان. بەکرێگیراوانی ڕێژیم بۆ پێشرەوی لە هەر بستێکی ئەو خاکە دەبوو بە دەیان کەس بەکوشت بدەن. هەربۆیەش لەو شەڕەدا سەدان کوژرا و برینداریان دا.

شەهید سەید قادری عەلەوی پێشەنگی هەڵمەتبەرانی ئەو شەڕە بەناوبانگەیە. ئەو لەم بەرەنگارییە ئازایانەیەدا، پەیمانی یا مردن یا سەرکەوتنی بردە سەر و بە خوێنی ئاڵی خۆی بەڵگەی لەشکان‌نەهاتوویی نەتەوەکەی ئیمزا کرد. بەمجۆرە بە شەهیدبوونی سەید قادر، ڕۆڵەیەکی دیکەی قارەمانی مەڵبەندی شنۆی دڵسۆز، پێشمەرگەیەکی فیداکار و لە خۆبوردوو، فەرماندەیەکی لێهاتوو و بەتوانا بە سەربەرزی و گیانبازییەوە چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوەکەمان‌. یادی هەرمان.