دارسمە
دەتوانم لە جیات مەسعوود پزیشکیان سوێند "بە گیانی دایکم" بخۆم و بڵێم ڕاستگۆترین سەرۆککۆماری ئێرانە. ڕەنگە زۆربەی خۆێنەران بزانن "بە گیانی دایکم" سوێندخواردنێکی تایبەت بە خەڵکی "سابڵاغ"ـه. هەمووشتان دەزانن "سابڵاغ" هەمان مەهابادە و لە بەر دڵی ئاغای سەرۆککۆمار لێرەدا بە"سابڵاغ" ناومان هیناوە. سەرۆککۆمار پزیشکیان خۆی بە سەرۆککۆماری هەموو ئێران دەزانێت و بە دڵیش حەزی لێیە "سابڵاغ" بکاتە "ساروونبڵاغ". لەبەر ئەوەی وێنەیەکی دایکی بەڕێزی جەنابی سەرۆککۆمارمان بە جلکی کوردیی ژنانە یانی بە کراس و ئاوەڵکراس و پشتبێند و کلۆجە و دەستماڵی سەرشان و تاسکڵاوی کوردییەوە دیتووە، بێڕێزیکردن بەم خانمە هێڵێکی سوورە.
ڕەنگە ڕاستگۆبوونی ئەم دوایین سەرۆککۆمارەی ئێرن لە سەرۆککۆماری یەکەمەوە بە میرات مابێتەوە. بەم هیوایە سەرۆککۆماری ئیستا بە دەردی کاک ئەبوولحەسەنی بەنیسەدر نەچێت. ڕاستگۆیانەترین لێدوانی سەرۆککۆماری یەکەم ئەمەبوو، گوتی: "داوا لە سەربازانی ئیسلام دەکەم هەتا هەموو کوردستان لە "دژە شۆڕشان" پاک دەکەنەوە، پۆتینان دەرنەهێنن." هەزار خۆزگەم بەو سەردەمە. ئەودەم سەرۆککۆمار دەستەڵاتی وەک ئێستا نەبوو. فەرماندهی هەموو هێزی چەکدار بوو، بەڵام لە سەردەمی پزیشکیاندا ئەم ئەرکەش فیتەبەدەورەی پێکراوە. وەک سەرەژنانی لای خۆمان دەڵێن، با چی دیکە چڵکی سەرۆککۆماری پێشوو نەشۆینەوە. ئەم مەسعوود پزشکیانەی خۆمان زۆر ڕاستە کوردان دەنگیان پێ نەداوە، بەڵام تەنانەت لە سەرۆککۆماری یەکەمیش ڕاستگۆترە.
ڕاستگۆیی پزیشکیان هیچ گومانی تێدا نییە و هەر لە کاتی بانگشەی هەڵبژاردندا بەئاشکرا دەرکەوتوە. ئەو لە کاتێکدا بەربژێری ڕاستەوخۆ و بێڕکابەری ڕیفورمخوازان بوو، گوتی: بەندەی موخلیستان بەدڵ و بەگیان بڕوای بە فەرمایشتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەیە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم فەرمایشتانە سەری پێوە نییە و هەرچی ئەو بیفەرموێت، هەر ئەوە.
ئەم لێدوانەی سەرۆککۆماری ئاخر لەگەڵ لێداونی سەرۆککۆماری یەکەم زۆر جیاوازە. ئەو داوای لە سەربازان کرد هەتا ئەم حیزبی دیموکرات و شتە کۆ نەکەنەوە پۆتنیەکانیان دەرنەهێنن. دیارە لە چل و چەند ساڵ لەمەوبەرەوە، سەربازان بە میلیۆنان جار پۆتینیان دەرهێناوە و سەرۆککۆماریش پاش ئەوەی بەرەو هەندەران ڕایکرد و لەوێ جەستەی تێکەڵی خاک و خۆڵ بوو، ئێستاشی دەگەڵدابێت فەرماشتەکەی وەدی نەهاتوە. بەڵام ئەم فەرمایشتەی ئاغای پزیشکیان بەدەست خۆیەتی و هەر لە سەرەتاوە پێیەوە دیارە جێبەجێی دەکات. کورد دەڵێت منداڵ ئەگەر بژێیت بە "گووکردنی"یەوە دیارە. ئەمەش لە سەرەتاوە پێیەوە دیارە چەندە سەرۆککۆماره.
هەنگاوی ڕاستگۆیانەتری پزیشکیان ئەمەیە نوێنەرانی وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەت هی ئوتریش و ئەڵمان و فەرانسەی بۆ جێژنی دەستبەکاربوونی بۆ تاران بانگ نەکرد. پزیشکیان سەد ئوتریش و ئەڵمان و فەرانسە بە قوربانی پێوە پێڵاوێکی ئیسماعیل هەنیە دەکات. ئیسماعیل هەنییە و هاوڕێیانی بۆ خۆپێدادان و تۆڵەسەندنەوە لە چاوی شێریش ناترسن. بەڵام ئەم ئۆتریش و ئەڵمان و فەرەنسەیە زۆر ترسنۆکن. پزیشکیان باش دەزانێت ئەوکاتەی جەماعەتی ئێران لە پاریس گیانیان لە شاپوور بەختیاری ئاخر سەرۆکوەزیرانی بەر لە دەستەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی ئەستاند، پاریس ئەوەی بیری لێ نەکردەوە تۆڵەسندنەوە بوو. ئوتریشیش بکوژانی عەبدولڕەحمان قاسملووی سواری فڕۆکە کرد و ناردنیەوە تاران. بەڵام ئەڵمانەکە هیندێک بوێرتر بوو، بکوژانی دکتۆر سەعید شەرەفکەندیی گرت و ڕادەستی بەشی دادوەریی کردن. ئەوەی گرینگە هەموو ئەم وڵاتانە ترسنۆک بوون و نەیانگوت ئێران لە ماڵی ئێمەدا ئەوانەی تیرۆر کردووە و پێویستە بۆ تۆڵەسەندنەوە هێرشی بکەینە سەر و هەر لەبەر ئەمەش بوو پزیشکیان ئەو ترسنۆکانەی بۆ جێژنی دەستبەکاربوونی بانگ نەکرد. دوای تێرۆری هەنیە لە تارانیش، سەرۆککۆماری نوێ هەتا ئێستا خۆی نەیگوتوە و ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی درۆ نەکات ئەمەشی بە ڕێبەر ئەسپاردوە.
سێهەم ڕاستگۆیی پزیشکیانیش ئەمە بوو گوتی: خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆککۆماردا دەنگیان نەداوە و بە درۆی زیادەی پێوەنەنا و نەشیگوت دەنگیان بەمن نەداوە.
کاتێک قەسیم عوسمانی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە بۆکانەوە، لە مەجلیسی شوڕا دژ بە دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەی پزیشکیان قسەی کرد، گوتی: داوام لە پزیشکیان کرد، خەڵکی سەر بە ئایینی سوننی و نەتەوەکانی ئێران لە نێو ئەندامانی پێشنیارکراوی کابینەکەیدا بگونجێنێت، پزیشکیانیش سەبارەت بە دانەنانی بەربژێری کورد وڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: کوردان لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نەبوون. ئەلەحەق بەمە دەڵێن ڕاستگۆیی.
کا قەسیمیش زۆر تووڕە بوو و گوتی جەنابی سەرۆککۆمار من لەماوەی بانگشەدا چەند شەوان نەخەوتم و لەگەڵ تۆ دابووم. کا قەسیم وەک پزشکیان نەبوو. ئەو نەیگوت چاوەڕان بووم من بە ناوی کوردێکی سووننی بکەی بە وەزیر، بەڵام گوتی بۆچی وەزیر و گزیر و جێگر و بلامانێ مێگری کورد لە لیستی بەربژێرانی وەزارەتەکانتدا نین.
هەرچۆنێک بێت، کابینەکەی پزیشکیان پێچەوانەی تووڕەبوونی کا قەسیم، دەنگی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی وەردەگرێت و ئەگەر کۆماری ئیسلامیش وەک ئاڵمان و ئوتریش و فەڕانسە ترسنۆکانە تۆڵەی کوشتی ئیسماعیل هەنییە نەکاتەوە، ڕەبی عومر کورت بێت.
لە کۆتاییدا زۆر شەرمە باسی ڕێفۆرمخوازن نەکەین و دەکرێت بڵێین: دەستکەوتی ڕیفۆرمخوازانیش زۆر زۆر "زەریف"ـه.