ڕۆژە مێدیا
"دوو کەلیمەشتان کوردی قسە لەگەڵ دەکەم..."
هەندێک کەس و لایەن پێش هەڵبژارنەکان پێیان وابوو مەسعوودی پزشکیان بە نیسبەت بەربژێرەکانی تر و تەنانەت کاندیدا و سەرکۆماری خولەکانی پێشووتری سەرۆککۆماری کەسێکی جیاوازە و ڕەنگە ئەو ڕێفۆڕمخوازێکی ڕاستەقینە بێ. پزشکیان له کاتی بانگەشە و کێبەرکێ لەگەڵ بەربژێرەکانی تر دەستی خستە سەر هەندێک بابەتی بڤە کە بووە هۆی ئەوەی سەرنجی زۆر کەس و لایەن بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. بۆ نموونە باسی لە گەشتی ئێرشاد دەکرد کە چی دیکە نابێ ئەو سیستەمە بۆ بەربەستکردنی ئازادیی کچان و ژنان بمێنێ، یان باسی لەوە دەکرد لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەودا ئێنترێنت چی تر فیلتێر نابێت و ئەو گرفتەش بۆ خەڵک چارەسەر دەکا. یان ئەوەی دانی بەوە دادەنا کە نەتەوە غەیرە فارسەکان لە بەشدارکردنی دەسەڵات و ئیدارەی وڵاتدا غەدریان لێ کراوە و بەڵێنی دا لە ئەگەری سەرکەوتنیدا لە کابینەی دەوڵەتدا بەشداریان بکا و کۆتایی بە مێژووی هەڵاواردنەکان لەسەر بنەمار ڕەگەز و نەتەوە بێنێت. ئەو بەڵێنانە و زۆر بەڵێنی تر بوون کە پێش ئەوەی لاقی بگاتە پاستۆر بە خەڵکی دەدا، بەڵام وادە و بەڵێنی ئەویش هەروەک سەرۆککۆمارەکانی پێش خۆی و تەنانەت وەک وادە و بەڵێنەکانی ڕێبەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی بوون بە بڵقی سەر ئاو و بە ڕادەستکردنی لیستی وەزیرە پێشنیارکراوەکانی بە مەجلیس کورد گوتەنی کێو ترەکی و مشکی بوو.
هەڵسوکەوتی پزشکیان لە دوای هێنانەسەرێی ناوی لە سندووەکانی دەنگدان و وەرسووڕانی تەواو لە قسە و باس و بانگەشەکانی کاتی هەڵبژاردن، هەلبژاردن و دیاریکردنی کۆمەڵێک ڕوخسار وەک جێگری سەرۆککۆماری بۆ بواری جۆراوجۆر و دواتر لیستی وەزیرە پێشنیارکراوەکانی جێی هیچ شک و گومانێکی بۆ کەس نەهێشتەوە کە پزشکیان نەکهەر هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانی تر نییە، بەڵکوو ڕێک لەسەر هەمان ڕێچکە هەنگاو دەنێ و بگرە ئەوەیان پتر لەوانی تر ملکەچی خامەنەیی و بەیتەکەیەتی. وەک چۆن بۆخۆی هەتا ئێستا دەیان جار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ڕایگەیاندوە بەبێ ئیزنی ئەو کورد گوتەنی قامک لە ئاو ڕۆ ناکا و هەموو ڕا و تەکبیرێکی بە ئەو دەبێت. بەمجۆرە پزشکیان سەلماندی تەواو پێبەندی وادە و بەڵێنەکانیەتی، بەڵام ئەو بەڵێنانەی بە خامنەیی دابوو، نەک ئەو خەڵکەی بە هیوای کەمە گۆڕانێک ئامادە ببوون ڕیسوایی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بەگیان بکڕن.
جیاواز لە پرسی کابینە، لە بابەت پرس و بابەتەکانی دیکەش هەروایە و دەرکەوت چێشتی خۆش لە ئەنگۆرێڕا دیارە. بە بەرچاوی پزشکیان ئێعدامەکان زۆر زیاتر لە قۆناغی برایم ڕەئیسی جێبەجێ دەکرێن و تەنانەت ئێعدامی بەکۆمەڵ وەڕێ کەوتوە، کۆڵبەرکوژی هەروەک جاران درێژەی هەیە، گوتار و سیاسەت و دەراوی زاری پزشکیان لە هەبەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان نەک نەگۆڕاوە، بەڵکوو توندتر لە جارانە و بەوەش ڕا دیارە هیچ کرانەوەیەکی سیاسی و ئابووری ڕوو لە ئێران ناکات، بۆیە پێویست ناکات تەنانەت ١٠٠ ڕۆژیشی کات بدرێتێ بۆوەی بزاندرێ لە تاقیکارییەکاندا چۆن دەردەچێت!
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کاروکردەوە و گوتاری پزشکیان دوای هەڵبژاردن و لیستی پێشنیاریی کابینەکەشی سەلماندیەوە لە ڕوانگەی مافیای دەسەڵاتەوە ئێران وڵاتی کورد، بەلووچ و نەتەوە نافارسەکان و هەروەها سوننی و ئایین و ئایینزا غەیرە شیعەکان نییە، ئەگەرچی هەر لەجێدا بوونی چەند مۆرەیەکی ڕێژیم لە نەتەوە و ئایینزاکانیش نەیدەتوانی تەعبیر لەوە بکات کە ئێران وڵاتێکە بۆ هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرەکانی نێو ئەو قەوارەیە!
بەدەر لەوەی ئاخۆ پزشکیان چۆن توانی بەشێک لە بیروڕای گشتیی وڵات لە خشتە ببات و هیوایەک بە گۆڕانکاری لە ڕێگەی ناتوندوتیژ و سندووقەکانی دەنگدانەوە دروست بکات، بێگومان پزشکیان دوا دەرفەت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوەتیی خۆیدا بوو کە ڕێژیم ئەو دەرفەتەشی لەبار برد. سیاسەتی دەوڵەتی پزشکیان دەریخست کە لە ئێرانی بندەستی مافیای ویلایەتی فەقیهـ و دەسەڵاتی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکاندا هیچ مافێکی بەحەق بۆ نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتە بەڕەوا نابیندرێت. هەروەها لە سیستەمی ویلایەتی فەقیهی کۆماری ئیسلامیدا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی خەڵکدا ناکرێت و تەمای ڕێفۆڕم و گۆڕان تەنیا هۆکارێک بووە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم. ئەمە جارێکی دیکەش دروشم و دنیابینیی بزووتنەوەی ژینا لە کوردستانی بیرهێنایەوە کە تاکەڕێگای گۆڕینی ئەو دۆخە و گەیشتنی خەڵک بە ماف و ئازادییەکانیان یەکخستنی وزەی خەباتگێڕی بۆ تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە.