هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی پەرستاران لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ئێران، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم باسی لە قەرزداربوونی ٧ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەنیی دەوڵەت بە پەرستاران کردووە.
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان ڕایگەیاندووە بەگشتی، دەوڵەت ٧ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەن بە پەرستاران قەرزدارە و زیادیشی کردووە کە دەبێت هەوڵ بدەین مافەکانی پەرستاران بدەین.
ئەم وتانەی زەفەرقەندی لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ٣ حەفتەی ڕابردوودا پەرستاران لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران بەهۆی کەمیی مووچەکەیان، زیادکردنی کاتی کارکردنیان و پێڕانەگەیشتن بە مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
لەم پێوەندییەدا ڕێژیم وەک هەمیشە بە بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژانە لەگەڵ ناڕازییان و هەڕەشە و دەسبەسەرکردنیان، وڵامی ناڕازییانی داوەتەوە.
محەممەد شەریفی موقەدەم بەڕێوبەری گشتیی "خانەی پەرستار"ی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کەمیی مووچەی پەرستاران یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنیانە.
شەریفی موقەدەم زیادی کردبوو کە مووچەی پەرستاران بە دۆلاری ٦٠ هەزار تمەنی تەنیا دەکاتە ٢٠٠ دۆلار و ئەوە لەکاتێکدایە کە پەرستاران پاش کۆچکردن بۆ وڵاتێکی وەک ئاڵمان ٢ هەزار تاکوو ٣ هەزار یۆرۆ مووچەیان پێ ئەدرێت.