کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی ژینگە لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا

11:45 - 4 خەرمانان 2724

بەپێی هەواڵ و گرتە ڤیدیۆی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوێنێ شەممە ٣ی خەرمانان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدانی ژینگە، شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی، ڕێوڕەسمێک لە مەزارگەی شەهیدانی ژینگە بەڕێوە چوو.

بەپێی زانیارییەکان کاتژمێر ٥ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ڕێوڕەسمەکە لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا، سەرەڕای گوشارەکانی ئیتلاعات، بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە دەقەیەک بێدەنگی بۆ یادی هەموو شەهیدانی کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی ژینگەپارێز دەستی پێ کرد و پاشان ناجی کانیسانانی وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، وتاری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانی پێشکەش کرد.

لە بڕگەی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا مامۆستای ئایینی مەلا لوقمان نەنەڵە وتارێکی لەسەر ئەخلاقی ژینگەپارێزی پێشکەش کرد و لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕەخنەی لە دامودەزگا پێوەندییدارەکان گرت و کەمتەرخەمییەکانیانی بە هۆکاری سووتانی ژینگەی کوردستان زانی.

لە بڕگەیەکی دیکەدا گرووپی تەموورەژەنیی داڵاهۆ بە هاوکاریی مامۆستا عادڵ نادری چەند کۆپلەیەکی مۆسیقای ژینگەپارێزی و نیشتمانپەروەریییان هۆنییەوە و لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازی لێ کرا.

هەروەها بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵ، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم ئاگریان بەردایە زیارەتان لە ناوچەی دارسێرانی مەریوان تاکوو پێش بە بەڕیوەچوونی ڕێوڕەسمەکە بگرێت بەڵام بە هاوکاریی بەشێک لە ژینگەپارێزان کە چوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕێوڕەسمەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگە شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە بەڕێوە چوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگەشەی بۆ کرابوو کە لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی نیشتمانپەروەری مەریوان و شارەکانی دیکەی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.