کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکەوتەکانی کوژرانی هەنییە لە تاران/ خامنەیی فەرمانی هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل دا

11:20 - 11 گەلاوێژ 2724

کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران هەڕەشە و کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی لە باڵاترین ئاستەکان لێ کەوتەوە و بەرپرسانی ئێران یەک لە دوای یەک خوازیاری تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بوون و شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی بەپەلەی گرت.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی داوە کە بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە، ڕاستەوخۆ هێرش بکرێتە سەر خاکی ئیسرائیل.

نیۆیۆرک تایمز پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم زانیارییە لە زاری سێ بەرپرسی کۆماری ئیسلامییەوە کە دووانیان ئەندامی سپای پاسداران بوونە بەو سەرچاوە هەواڵدەرییە گەیشتووە و زیادیشی کردووە کە خامنەیی لە کۆبوونەوەی بەپەلەی شۆرای باڵای ئەمنییەت کە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوە چووە، ئەم فەرمانەی دەرکردووە.

جیا لە ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز، هەژمارەکانی خامنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لە بەڵێنی خامنەیی بۆ سەندنەوەی تۆڵەی خوێنی ڕێبەری حەماس کردووە.

جگە لە خامنەیی، سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم و بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامی یەک لە دوای یەک هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەکەن و خوازیاری تۆڵەسەندنەوەی خوێنی هەنییەن.

مەسعوود پزشکییان کە لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری بەرەوڕووی ئەم چەلێنجە بووەتەوە لە یەکەم کاردانەوەدا، هاوتەریب لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و نووسی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەمامییەتی ئەرزی، ئابڕوو و شەرەفی خۆی بەرگری دەکات و تێرۆریستەکان لەم کردەوەی خۆیان پەشیمان دەکاتەوە".

لەلایەکی دیکەوە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە ئێران، بە داواکاریی ئێران و پشتیوانییەکانی چین و ڕووسیە و ئەلجەزایەر، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی گەرت.

نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دانیشتنەدا وتی: "شۆرای ئەمنییەت دەبێت بە زووترین کات لەهەمبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل هەنگاوی پێویست هەڵبێنێت و گەمارۆ بخاتە سەر ئیسرائیل".

نوێنەرانی چین و ڕووسیە وێڕای مەحکوومکردنی لەنێوبردنی کەسی یەکەمی حەماس باسیان لە ئاکامە مەترسیدارەکانی ئەم ڕووداوە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان کرد.

لەبەرامبەردا نوێنەری ئیسرائیل لەم دانیشتنەدا وتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە پەیامێکی ڕوونی تێدا هەبوو، پەیامەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل بە هەموو توانایەوە بەرگری لە خۆی دەکات و وڵامی ئەو کەسانەی ئەداتەوە کە دەیانهەوێت زەبری لێ بدەن".

جاناتان میلێر زیادی کرد کە شۆرای ئەمنییەت دەبێت کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی گەمارۆی زیاتر بکاتەوە چونکە ئەوە ئێرانە کە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی لە حەماس و حیزبوڵلا دەکات.

ئەمریکا و بریتانیا لە شۆرای ئەمنییەت جارێکی دیکە پێداگرییان لە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی کرد و خوازیاری وتووێژی لایەنەکان بوون تاکوو کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنن.

نوێنەری ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند "لە ئێستادا نزیک نین لە شەڕێکی گەورە ئەگەرچی کە هێرشەکانی ئێران و تۆڕە تێرۆریستییە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا جار لەگەڵ جار ئێمەی لە شەڕێکی گەورە و هەمەلایەنەی دیکە نزیک کردووەتەوە.

هەروەها باربارا ڤودوارد نوێنەری بریتانیا بۆ ئەم دانیشتنە بە ئاماژەدان بەوەی کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە ڕایگەیاند، هێرشی میلیشیاکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەبێت کۆتایی پێ بێت.