کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکرانی ٣٧ ژنی بەندکراوی ناڕازی بە حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی لە مافی چاوپێکەوتن

11:12 - 14 گەلاوێژ 2724

لە لاپەڕەی ئینستاگرامی نەرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤی بەندکراو بڵاو بووەتەوە کە ٣٧ زیندانیی سیاسی لە ئێڤین، بەهۆی ناڕەزایەتیدەبڕین بەرامبەر بە حوکمی ئێعدام  بۆ پەخشان عەزیزی، مافی چاوپیکەوتنیان لێ قەدەغە کراوە.

لە پۆستێکدا کە ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ لە لاپەڕەی نەرگس محەممەدی بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "بەپێی ئاگاداریی نووسینگەی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، ٣٧ ژنی بەندکراو بەهۆی مانگرتنی شەوانە لە حەوشەی زیندانی ئێڤین وەکوو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی، لە مافی چاوپێکەوتن بێبەری کراون.

هەروەها ڕۆژی شەممە ژمارێک لە چالاکانی مەدەنی و خوێندکاری لە ڕاگەیەندراوێکدا بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دەرکردنی ئەم حوکمە نووسیویانە: " دەسەڵات هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییەکانیان بە سەرکوتکردنی گرووپە جیاوازەکان لەوانە  ژنان و نەتەوەکان کپ بکات، بەڵام نازانێت کە ئەم سەرکوتکارییانە قەیرانەکانی ئێستا قووڵتر دەکاتەوە.''

ئەوان لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە حوکمی وەک ئێعدام دەتوانێت توندوتیژی لە ڕای گشتیدا بەرهەم بهێنێتەوە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن، کە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردووە زیندانی کراوە، لە سەرەتای مانگی گەلاویژی ئەمساڵەوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.