کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی کۆتایی

14:03 - 4 خەرمانان 2724

مەجید حەقی

دوای کوژرانی "ئیسماعیل هەنیە"، ڕێبەری ڕێکخراوی حەماس لە تاران ڕێژێمی ئێران هەست بە شکستێکی قووڵی ستراتیژیک و ئەمنییەتی دەکات. میوانێکی زۆر خۆشەویستی خامنەیی لە ڕۆژی سوێندخواردنی سەرۆک‌کۆمارە نوێیەکەی لە دڵی تاراندا کوژرا و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران نەیانتوانی بیپارێزن. بە دوای ئەودا خامنەیی و کاربەدەستانی سەربازی و سیاسی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە کوژرانی "میوانی ئازیز"یان لە ئیسرائیل کرد و ئاستی ئالارمی لەشکەری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بەرزترین ڕادەی خۆی گەیشت. هەڕەشەکانی ئێران هاوکات لە گەڵ ئەو دەست‌وەشاندنە یەک لە دوایی یەکەکانی ئیسرائیل بوون بۆ سەر "بەرەی مقاومەت" و بەوە ڕێژێمی ئێران کە مەکۆی تێرۆریزمی نێونەتەوەیی و سەرچاوەی دارایی، ئایدیۆلۆژی و پەروەردەیی تێرۆریزمە ئێسقانەکانی لە ژێر زەختی ئەو شکستانە کەوتنە قرچە قرچی شکان.

وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەران لە ئاکامەکانی شەڕی "لەوانەیی" لە نێوان ئێران و ئیسرائیل کە دەتوانێت ببێتە شەڕێکی ناوچەیی لە هەموو کاناڵەکانی دیپلۆماسی و پێوەندی خۆیان کەڵک وەرگرت بۆ پێشگیری هێرشی تۆڵەستێنانەی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل. دوایین جار وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیل ئێرانیان لە ئاکامی هێرشێکی لەوچەشنە وریا کردەوە. عەلی خامنەیی ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ ئەو ئاگادارییانەی بە شەڕی "دەروونی" ناو برد و گوتی ئامانجی ئەو شەڕە ڕەوانییە ترس و پاشەکشەپێکردن بە ئێرانە. خامنەیی گوتی ئێمە پاشەکشە ناکەین، پاشەکشە چ لە مەیدانی سیاسی و چ لە مەیدانی نیزامیدا دەبێتە هۆی "غەزەبی ئیلاهی". بەڵام داخۆ ئەمە بە واتای خۆ ئامادەکردنی ئێران بۆ شەڕە؟

کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێژیمی شەڕە، بەبێ شەڕ و ئاژاوە و سەرکوتی بێ‌بەزەیانەی نێوخۆیی ئەو ڕێژێمە کە لەبەرانبەر جێبەجێکردنی ویستی خەڵک بێ‌توانایە ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە ئەگەری شەڕی نێوان ئێران، حیزبوڵلا و ئیسرائیل زۆرە. لە کاتی ڕوودانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چ بیهەوێ و چ نەیهەوێ ناچار بە بەشداریی شەڕ و پشتیوانی لە ئیسرائیل دەبێت. هەرچەند ئێران لە ڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە هیچ پاساوێکی حقووقیی نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. چونکە ئیسرائیل دانی بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە دانەناوە. لەگەڵ ئەوەش هەرچی مێژووی هێرشی "تۆڵە ئەستێنانەی" ئێران وەدرەنگتر بکەوێت، بەجیاتی ئەوەی بە واتای پاشکەشەی ئێران بێت، دەتوانێت بە واتای ئامادەبوونی ئێران بۆ شەڕ بێت. شەڕێک کە لە مێشکی سەرانی کۆماری ئیسلامیدا "کۆتا شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" یان تەنانەت دوایین شەڕ بێت.

ئیسرائیلی سەردەمی ڕێبەریی بنیامین نێتانیاهوو، وا دەردەکەوێت خۆی ئامادە کردوە بۆ شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا و تەنانەت کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش. ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ نێتانیاهوو بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤دا ئەم وڵاتە بۆ شەڕێک پەلکێش بکات کە بە هیچ شێوەیەک ناخوازێت تێوەی بگلێت. بە هۆی گۆڕانی کەشی هەڵبژاردن لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای پاشەکشەی "جۆ بایدن" لە ڕکەبەریی هەڵبژاردنەکان و هاتنی "کامیلا هەریس" وەک کاندیدی دێموکراتەکانی ئەو وڵاتە، ئەگەری دۆڕانی دۆنالد ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا چووەتە سەرێ. ئەگەر بایدن کاندیدی سەرۆک‌کۆماری بمایە، بەو هیوایەیەی ترامپ دەیباتەوە و پشتیوانی لە نەتانیاهوو   دەکات، لەوانەبوو نەتانیاهوو پێی خۆش بوایە شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وەدرەنگ بخات. بەڵام ئێستا کە لە ڕکەبەریی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەرگەکە گۆڕاوە، نەتانیاهوو دوور نییە بەرلە هەڵبژاردن هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا و بەمە ئێرانیش ناچار بکرێت بە بەرگریکردن لە ستراتێژیکترین هێزی پرۆکسیی خۆی لە ناوچەدا.

ئەم لێکدانەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی کامیلا هەریس، لەوانەیە ئەمریکای ژێر ڕێبەریی هەریس چیدی ئامادە نەبن باجی هەموو سیاسەتەکانی نەتانیاهوو   و دەوڵەتە ڕاستگەراکەی بدەن. بۆیە هەلومەرجی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا یا خود ئێران ئێستا  لەبارترە بۆ نەتانیاهوو هەتا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکا. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بەکردەوە گەمارۆی ئیسرائیلی داوە. لە باشووری ئیسرائیل حەماس و جەهادی ئیسلامین کە تاوانی ٧ی ئۆکتۆبریان خوڵقاند و گەورەترین کوشتاری جووەکانیان لە دوای هۆلاکۆست لە یەک ڕۆژدا ئەنجام دا. لە باکوور حیزبوڵڵای لوبنان هەیە کە لەسایەی پشتیوانی و هاوکارییەکانی لۆجیستیکی ڕێژیمی ئێران خاوەنی دەیان هەزار مووشک و درۆنن و توانیویانە زۆر جار قەڵای ئاسنینی ئیسرائیل تێک بشکێنن و ببنە هۆی ئاوارەیی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە. تەنانەت بەندەری حەیفاش لەژێر هەڕەشەی هێرشی حیزبوڵڵادایە و بەکردەوە لەژێر ئەو هەڕەشەیەدا کارامەیی بازرگانی و هاتووچۆی جارانی خۆی نەماوە. لە باشووریش حۆسییەکانی یەمەنن کە لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا بەردەوام خەریکی مووشەکبارانی ئیسرائیل بوون و تەنانەت توانیویانە بە درۆن هێرش بکەنە سەر تلاڤیڤی پایتەختی ئەو وڵاتە. لە لایەکی دیکەوە حەشی شەعبی عێراق بە پشتیوانیی ئێران ماوە بە ماوە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.

هەر چەند ئیسرائیل دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی فەڵستینی لە ناوچەی غەزەدا کوشتوە، بەڵام ئەو وڵاتە ئێستاش لە شۆکی ٧ی ئۆکتۆبردا دەژیت و تووشی تراوما و حەپەسانێکی زۆر قووڵ بووە. لەژێر هەڕەشەکانی حیزبوڵڵای لوبناندا بوونی زیاتر لە سەد هەزار ئاوارەی نێوخۆیی لە ئیسرائیل و بنەماڵەی بارمتەکان بوونەتەوە زەختێکی نەتەوەیی و سەرانسەری بۆ سەر حکوومەتی نەتانیاهوو.  ئێستا لای خەڵکی ئیسرائیل پرسیارە داخۆ دەوڵەت و ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ناتوانن ئەو کێشەیە کۆتایی پێ بێنن؟ ئەم زەختە بووەتە هۆی ئەوەی دەوڵەت، بیروڕای گشتی و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش بەو ئاکامە بگەن: ئێمە ناتوانین هەتا هەتایە لەژێر هەڕەشەی حیزبوڵڵادا بین و خەڵک نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر شوێنی خۆیان. بۆیە دەبێ سەرەنجامێک بۆ ئەو هەڕەشانە هەبێت و هێرش بکرێتە سەر حیزبوڵڵا بۆ کۆتایی‌هێنانی یەکجاریی ئەو هەڕەشەیە و دەستەبەری ئەمنییەتی خەڵک لە باکووری ئیسرائیل. بۆ ئیسرائیل هێرش بۆ سەر حیزبوڵڵا و تەنانەت ئێرانیش باشترین دەرفەتە. بۆ ئیسرائیل شەڕی ماندووکەرەوە (فەرسایشی) پرۆکسییەکانی ئێران دژی ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی ماندوویی و لەنێوچوونی هێزیان و ئەمە دەبێتە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر بوونی وڵاتەکەیان. لە حاڵەتێکی وادا لەوانەیە کۆماری ئیسلامی نەوێری ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە حیزبوڵڵا بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی یەکجاری حیزبوڵڵا. ئەگەر ئێران بۆ پشتگیری لە حیزبوڵڵا بەشداری شەڕ بێت، ئەوا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە باشترین دەرفەتە بۆ لەنێوبردنی ئێران و هەڕەشەکانی هەمیشەیی. چونکە بەراوردی ئیسرائیل ئەوەیە ئەمریکا لە شەڕێکی وادا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات و بەوە ئێسرائیل دەتوانێت تەنانەت هەڕەشەی ناوکیی ئێرانیش لە سەر خۆی لە نێو ببات. کاربەدەستانی ئێرانی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەی گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمیی خۆیان کردوە. لە کاتێکی وادا ئێران ئەگەر دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، دوور نییە هێرشی ڕاستەخۆ بکاتە سەر ئیسرائیل. بۆیە سروشتیە ڕێگە نەدات وڵاتێک کە ستراتێژییەکەی لەنێوبردنی خۆیەتی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەو دیوی دیکەشدا حیزبوڵڵاش خۆی بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی فەرماندەی خۆی "فواد عەلی شکر" بە دەست ئیسرائیل ئامادە کردوە و لەوانەیە هاوکات لەگەڵ هێرشی ئێران بە تۆڵەی کوژرانی هەنیە بۆ سەر ئیسرائیل هێرشی خۆی دەست پێ بکات. بە قسەی حەسەن نەسروڵلا ئێران و حیزبوڵلا ئەرکدارن بە تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی ئەو دوو کەسە.

وڵاتانی ڕۆژاوا و لەوانە دەوڵەتی بایدن بە تەواوی دژی شەڕی لەوانەیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و تەنانەت شەڕی لە گەڵ حیزبوڵڵان. دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەسێک لە نێوان حەماس و ئیسرائیل و کۆتایی‌هێنان بە شەڕی غەزە کە بووتە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی فەڵستین. نەتانیاهوو زۆر لایەنگری ڕاوەستانی شەڕ نییە، چونکە لەلایەک کۆتایی شەڕ و ئاگربەست بە واتای سەرکەوتنی حەماس دێت و لەلایەکی دیکەوە کۆتایی شەڕ دەتوانێت کۆتایی ژیانی سیاسی نەتانیاهوو و دەوڵەتە ڕاستگەڕاکەی بێت. لەگەڵ ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی کۆشکی سپی لەگەڵ سیاسەتەکانی نەتانیاهوو لە ئەگەری هەرجۆرە شەرێکی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، ئەمریکا بۆ بەرگری ئەو وڵاتە بەشداری شەڕ دەبێت. شەڕێک کە دەتوانی کۆتا شەڕ بێت. سەرەرای هەموو ڕەخنەکانی کۆشکی سپی لە نەتانیاهوو، ئەو وڵاتە لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی و یارمەتیی وڵاتی ئیسرائیلی داوە و هێزێکی زۆری دەریایی و بەرگری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریاکانی ناوچە جێگیر کردوە کە نەک هێزی پێشگیرانە، بەڵکوو دەکرێ بێژین هێزی هێرشبەرن.

کورد لە ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل؟

دوای هێرشی درۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، دەیوید کامێروون، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی بریتانیا گوتی: "ئێستا هەموو جیهان نێوەڕۆکی تیرۆریستی و هێرشبەرانەی ڕێژێمی ئێران دەناسێت". ئەو مووشەکانەی ڕۆژگاریک ڕێبەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەکردە ئامانج، ئێستا بە ئیسرائیل دەگەن و دوور نییە ئەگەر پێشی ئێران نەگیرێ مووشەکەکان دەروازەکانی ئورووپاش بکەنە ئامانج.

ستراتێژی بەرەی ناسراو بە "مقاومەت" لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو دەنگانەیە بیر لە داهاتوویەکی ئاشتیخوازانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکەن. شەڕ بەدوای خۆیدا ماڵوێرانی دێنێت، شەڕێک کە نەتەوەی کورد نە بەشدار، نە هۆ و نە دەستپێکەریەتی. شەڕێک کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە نییە. دەرفەتە نێونەتەوەییەکانیش زۆر بەدەگمەن بە قازانجی کورد دەبن. لەو لاشەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە هەموو شێوازەکانی ئاپارتایدی سیستماتیک و ژێنۆساید کەڵکی وەرگرتووە بۆ لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان. لەکاتێکی وادا سروشتییە کورد دەرفەتە نێونەتەوەییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیدا بقۆزێتەوە.

دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا دەنگی "ژن ژیان ئازادی" سنوورەکانی کوردستانی تەنیەوە و ویستی خەڵکی کورد بوو بە ویست و داوایەکی گشتگیر. لەگەڵ ئەمەش بە هۆی دووبەرەکی و نەبوونی ستراتێژییەکی یەکگرتووی نەتەوەیی، کورد نەیتوانی ببێتە خاوەنی دەستکەوتێکی ئەوتۆی بەرچاو و مخابن لە کاتێکدا ئێمە لە سێهەمین ساڵڤەگەری دەسپێکی شۆڕشی ژینا نزیک دەبینەوە، حیزبەکانی کوردستانی دەگەڕێنەوە سەر قۆناغی بەرلە شۆڕشی ژینا. ئێستا دەرفەتە نێونەتەوەییەکان ئەوەمان لێ دەخوازن کە بزاڤی کوردستان بەرفراوانتر لە سنووری حیزبی بیر بکاتەوە و ستراتێژییەکی نەتەوەیی ڕەچاو بکات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هێزە سیاسی، مەدەنی و ئێلیتی کورد لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی نەتەوەییدا هێڵە ستراتێژییەکانی خۆی بە شێوەی یەکگرتووانە شی بکاتەوە و ئارایشێکی نوێی نەتەوەیی بەخۆیەوە ببینێت.

قووڵایی کێشەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە ئاستێک گەیشتوە کە کورد دەتوانێت خۆی وەک یەکێک لە ئەکتێرەکانی شوێندانەر لەسەر گۆڕینی سیاسەتەکانی ڕێژێمی ئێران و تەنانەت پارسەنگی هێز نیشان بدات و ببێتە "بەردەنگ"ی ئەکتەرەکانی شوێندانەر لەو ناوچەیەدا.