بێنیامین نێتانیاهوو لە دانیشتنی بەپەلەی کابینەی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیلدا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی خەرمانان بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی لە دوژمنانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند کە هەر کەس زەبر لە ئیسرائیل بدات زەبری بەردەکەوێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەم دانیشتنەدا وتی: "بەیانیی ئەمڕۆ زانیمان کە حیزبوڵڵا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هێرش و پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسی ستادی گشتیی ئەرتەش، فەرمانی هێرشی دەستپێشخەرانەمان دا".
نێتانیاهوو زیادی کردووە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی هەزاران ڕاکێتی حیزبوڵڵای کە بەرەو باکووری ئیسرائیل هاتووە تێک شکاندووە و هەروەها کۆمەڵێک مەترسیی دیکەی پووچەڵ کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە ئەوان لەسەر پاراستنی وڵاتەکەیان پێداگرن و دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەگەڕێننەوە بۆ ماڵەکانیان و هەروەها هەڕەشەی لە دوژمنانی ئیسرائیل کرد کە هەر کەس زەبریان لێ بدات زەبری بەردەکەوێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت زیاتر لە ٣٢٠ مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زۆربەی هاوێژەرەکانی حیزبوڵڵایان پێش ئەنجامی هێرشەکە کردووەتە ئامانج.
حیزبوڵڵا پێش دەسپێکی هێرشەکە ڕایگەیاندبوو کە ئەم هێرشانە لە وڵامی کوشتی فواد شۆکر باڵاترین فەرماندەی حیزبوڵڵا کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، ئەنجام ئەدات.
سەرچاوە جیهانییەکان پاش کوشتنی فواد شۆکر و ئیسماعیل هەنییە لە بەیرووت و تاران باسیان لەوە کردبوو کە تاران و میلیشیاکانی هاوکات پێکەوە هێرشێکی قورس دەکەنە سەر خاکی ئیسرائیل بەڵام پاش هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هەروەها پرسی ئاگربەست لە غەززە، هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ هات و حیزبوڵڵا ناچار بوو کە بە تەنیا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.