کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێنیامین نێتانیاهوو: نەسروڵڵا و خامنەیی بزانن ئەمە کۆتایی نییە

11:40 - 5 خەرمانان 2724

بێنیامین نێتانیاهوو پاش هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، ڕاشکاوانە هەڕەشەی لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە کۆتایی نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانان سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پاش هێرشی دەسپێشخەرانەی ئەرتەشی وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتدا وتی: "نەسروڵڵا لە بەیرووت و خامنەیی لە تاران باش بزانن کە ئەمە قۆناغێکی نوێیە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانمان بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان لە باکووری ئیسرائیل و دووپات ئەکەمەوە کە ئەمە کۆتایی کارەکە نییە".

ئەم هەڕەشەی نێتانیاهوو پاش ئەوە بوو کە پێشتر ڕایگەیاندبوو بەپێی زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، زانیویانە کە حیزبوڵڵا دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و هەر بەو بۆنەوە ئەرتەشی ئیسرائیل بە ١٠٠ فڕۆکەی شەڕکەر هێرشی کردە سەر باشورری لوبنان و سەدان پێگەی هەڵدانی مووشەکی چەکدارانی حیزبوڵڵای تێک شکاند.

لە ئێستادا و پاش ١٠ مانگ لە شەڕی غەززە و لەکارخستنی توانای مووشەکیی حەماس و کوشتنی هەزاران چەکداری ئەم گرووپە، ئیسرائیل لە هەوڵدایە ئەمنییەتی ناوچە باکوورییەکانی وڵاتەکەی دابین بکاتەوە تاکوو دانیشتوانی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵەکانیان.

هەر لە سەرەتای دەسپێکی شەڕ لە ١٥ی ڕەزبەرەوە دانیشتووانی ئەم ناوچانە بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان ئەم ناوچانەیان بەجێ هێشتبوو.

لە بەرامبەریشدا حیزبوڵڵا هێرشەکەی بەرەبەیانیی دوێنێی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل بە سەرکەوتووانە لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە دەیان پێگە و بنکەی سەربازیی ئیسرائیلی کردووتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز شەوی یەکشەممە لە زاری دوو سەرچاوەی مێسریەوە نووسی: "حەماس و ئیسرائیل بە چەند بەشێکی ئاگربەستەکە ناڕازین و وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە قاهێرە بەبێ دەسکەوت کۆتایی پێ هات".