کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی حەماس بۆ دانانی کەسێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامی بۆ جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە

12:14 - 14 گەلاوێژ 2724

گرووپی چەکداریی حەماس لە هەوڵدایە تاکوو کەسێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامییەوە بۆ جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە دیاری بکات.

نووسینگەی سیاسیی حەماس لە قەتەر ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە ڕاوێژکارییەکانی بۆ جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە دەست پی کردووە.

لەم پێوەندییەدا کاناڵی ئەلعەربییە ڕایگەیاندووە کە یەحیا سێنوار ڕێبەری حەماس لە غەززە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، دەبێت کەسێک ببێتە ڕێبەری حەماس کە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سووریە هەبێت.

بەپێی ئەم زانیارییانە یەحیا سێنوار کە پاش کوشتنی ئیسماعیل هەنییە وەک گرینگترین کەسی حەماس دێتە ئەژمار، لەگەڵ جێگریی خالد مەشعەل دژایەتی کردووە و وتوویەتی کە خەلیل ئەلحەییە کەسێکی گونجاوە بۆ ئەم شوێنە.

پشتیوانییەکانی یەحیا سێنوار بۆ دیاریکردنی کەسێک کە لە کۆماری ئیسلامییەوە نزیک بێت لەکاتێکدایە کە پاش کوژرانی هەنییە لە تاران، هێندێک لە ئەندامانی باڵای حەماس سەبارەت بە لێدوانێک کە باسی لە لاوازیی تیمی ئەمنییەتی حەماسی بۆ پاراستنی هەنییەی کردبوو کاردانەوەیان نیشان دابوو.