ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ هەتا هەینی٢ی خەرمانان، گرووپی شاخەوانیی کاسارۆی مەریوان بە یادی شەهیدانی ژینگە چوونە سەر شاخی دەماوەند و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی چرۆی ڕوانسەریش بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی شەهیدانی ژینگە، لە بناری یەکێک لە شاخەکانی ڕوانسەر، دوای ١٥ ڕۆژ تیمار کردن، هەڵۆیەکیان هەناردەوە بۆ باوشی ژینگە و هێلانەی خۆی.
هاوکات لەگەڵ شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی، لە مەریوان و لەسەر مەزارەکانیان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵكی نیشتماندۆستی کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی ٣ی خهرمانانی ١٣٩٧ی ههتاوی، شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان کە بەهۆی تۆپبارانی سپای پاسدارانەوە ڕووی دا، لەپێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمان، گیانی خۆیان بەخت کرد.
شەهید شەریف و شەهید ئومید دوو ئەندامی نیشتمانپەروەری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بوون و ڕۆڵێکی گرینگیان لە پاراستنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کولتووری ژینگەپارێزیدا هەبوو.
هەر بەم بۆنەوە ٣ی خەرمانان وەک ڕۆژی شەهیدانی ژینگە لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ناودێر کرا و لەم ڕۆژەدا یاد و ناوی شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی و سەرجەم شەهیدانی ژینگەپارێزی نیشتمان بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت.