وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە وڵامی کوشتنی هەنییە لەلایەن تارانەوە بێئەملاولایە و بێگومان ئەنجام ئەبێت.
عەباس عێراقچی کە ماوەی چەند ڕۆژە بووەتە وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی پزشکییان، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانان لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا نووسی، لە وتووێژ لەگەڵ هاوتا ئیتالیاییەکەی لەسەر وڵامی تاران بە کوشتنی هەنییە جەختی کردووەتەوە و زیادیشی کردووە کە ئەم وڵامە وردبینانە و لەجێی خۆی دەبێت.
عێراقچی بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ ئانتۆنیۆ تاجانی لەسەر ناوچەکە بە چڕی قسەیان کردووە ڕایگەیاندووە کە بەپێچەوانەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی نایهەوێت کە گرژییەکان پەرە بسێنێت هەرچەند کە ترسی لە پەرەسەندنی گرژییەکانیش نییە.
ئەم قسانەی عێراقچی لەکاتێکدایە کە پاش شەڕی غەززە لە دە مانگی ڕابردوودا، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن، لوبنان، سووریە و عێراق بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هەروەها بنکە و بارەگاکانی هێزە هاوپەیمانەکان و ئیسرائیل، بەردەوام گرژییەکانیان لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە و تەنانەت ناوچەکەیان بەرەوە شەڕێکی گەورەش بردووە.
پاش کوژرانی ڕێبەری حەماس لە تاران کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەی قورسیان لە ئیسرائیل دەکەرد بەڵام پاش ماوەیەک و دوابەدوای ئەوەی کە ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر خاکی ئێران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وردەوردە هەڕەشەکانیان کەمتر بوویەوە.
لە ئێستادا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەی تۆڵەی لە ئیسرائیل کردووەتەوە بەڵام هەڕەشەکان هاوشێوەی ڕابردوو توندوتیژانە نییە و باسێک لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل نەکراوە.