کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی تابلۆی ڕێنماییە ژینگەپارێزییەکان لە ناوچەی گەشتیاریی کانی‌لۆسە

12:29 - 5 خەرمانان 2724

ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانان، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار لە ناوچەی گەشتیاریی کانی‌لۆسە کۆمەڵێک تابلۆی ڕێنماییە ژینگەپارێزییەکانی دانا.

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار لەمبارەوە رایگەیاندووە: لە درێژەی هەوڵەکانمان بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ژینگەپارێزی و بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ئەو مەترسییە ژینگەیییانەی بە هاتنی ڕۆژانەی سەدان و هەزاران گەشتیار بەرەوڕووی ناوچەی گەشتیاریی "کانی‌لۆسە" و "دۆڵی بادیناوێ" بووەتەوە و بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ئەرکانەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە دەکەوێتە سەر شانیان، بڕیاڕمان دا تابلۆیەک لەو ناوچەیە دامەزرێنین بەڵکوو ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو شوێنە دڵڕفێنە دەکەن بە دیتنی، هەوڵێکی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها رایگەیاندووە: وێڕای سپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵ و تێکۆشانی ئەو هاوڕێیانەی لە سازکردن، نووسین و دامەزراندنی تابلۆکە ئەرکیان کێشا، هەروەها دەستخۆشی لەو هاووڵاتییانەی بەردەوامن لە پاراستنی ژینگەی نیشتمان و ئاگادارکردنەوەی خەڵکانی دیکە، داواکارین هەموو تاکەکان خۆیان بە بەرپرس بزانن لە پاراستنی ژینگە.
کانی‌لۆسە و هەموو شوێنە گەشتیارییەکان مڵک و ماڵی هەموومانە و پێویستە پارێزەری ئەو سامانە گەورە و بەنرخانە بین و پارێزگارییان لێ بکەین