کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکان لە ئێران

18:31 - 6 خەرمانان 2724

لە ژێر سێبەری ناکارامەتی و گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکان و بە هۆی هاوردەنەکردنی دەرمانی پێویست، ڕێژەی گیانلەدەستدانی نەخۆشە تایبەتەکان لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠١دا وادەی هاوردەکردنی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشەکانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئێس ئێم ئەی دابوو، پاش تێپەڕینی دوو ساڵ، تەنیا ٤٠٠ یەکە لەم دەرمانە هاوردە کراوە و هاوردەکردنی باقییەکەی ڕاگیراوە و لێدانی بەشی یەکەمی بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە.

هەروەها سەرەڕای کاریگەریی ئەرێنیی دەرمانەکان لەسەر نەخۆشەکان، وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم لە کڕینی دەرمانی نوێ خۆی بواردووە و سەرەڕای ئەوەی کە هەموو نەخۆشەکان لە ڕیزی ئەو کەسانەدا نین کە ئەم دەرمانانە وەردەگرن، باقی نەخۆشەکانیش تەنیا بۆ ماوەی چەند مانگ چارەسەریان بۆ دەکرێت.

لە ئێستادا بە هۆی ناکارامەیی و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم ئەم دەرمانانە لە ئێراندا ڕوو لە تەوابوونن و ڕۆژانە ڕێژەی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکانی تووشبوو بە نەخۆشی ئێم ئێس ئەی لە بەرزبوونەوەدایە.

سەعید ئەعزەمیان، ئەندامی ئەنجومەنی ئێس ئێم ئەی لەمبارەوە وتی لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا کە لێدانی دەرمانی ئەم نەخۆشییە ڕاگیراوە، ٢٠ منداڵ گیانیان لەدەست داوە و لەم نێوانەدا هیچکەس وڵامدەر نییە و هەر کام لە لایەنەکان خەریکی پاساوهێناوە و بە تاوانبار نیشاندانی لایەنی دیکەن.

لەلایەکی دیکەوە کەمبوونی دەرمای "دێسفراڵ" بۆ تووشبووان بە "تالاسێمی" و بنەماڵەکانیان بووەتە کێشەیەکی جیددی.

هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆکان و چوونەدەرەوەی کۆمپانیا دەرەکییەکانی دەرمان لە ئێران، کوالێتیی نزمی برەندەکانی دەرمانی تالاسێمی لە ئێران و ئاسەوارەکانی ئەم دەرمانانە ترس لە بەکارهێنانی دەرمانە نێوخۆییەکانی لە نێو نەخۆشەکاندا زیاد کردووە و ئەمەش گیانلەدەستدانی تووشبووان بە تالاسێمیی زۆرتر کردووەتەوە.

 

یوونس عەرەب، بەرپرسی ئەنجومەەنی تالاسێمی رایگەیاندووە کە پاش گەڕانەوەی گەمارۆکان زیاتر لە هەزار و ١٢٠ نەخۆشی تووشبوو بە تالاسێمی گیانیان لەدەست داوە.

ڕێژەی گیانلەدەستداانی تووشبووان بە تالاسێمی لە ساڵەکانی رابردوودا لە ٢٠ تا ٣٠ حاڵەتەوە ئێستا گەیشتووەتە ٢٥٠ کەس لە ساڵدا کە ئەمە بە مانای بەرزبوونەوەی ١٠ هێندەی ئەم ئامەرەیە.

کەمبوونی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان و نەبوونی ئیرادەی جیدی و دابیننەکردنی بوودجەەی پێویست بە مەبەستی کڕین و هاوردەکردنی ئەم دەرمانانە لە ساڵانی رابردوودا، بەردەوام ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەم نەخۆشانەی بەدواوە بووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم وەکوو باقی پرسەکانی ولات، تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و ڕوونیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم بنەماڵانە و نەخۆشەکان هەڵ نەگرتووە.