کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووخانی دیواری ئاوشوورانی کرماشان مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەو شارە

17:38 - 14 گەلاوێژ 2724

ناوچەی ئاوشووران لە شاری کرماشان لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە و ئاوەڕۆکانی ئەو بەشەی شاری کرماشان تێکەڵی چەمی ئاوشووران بووە  و ئەمەش بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر تەندرووستیی هاووڵاتیان؛ هاوکات لەگەڵ ئەمەش ڕووخانی دیوارەکانی ئەو ڕووبارە یەکێکی دیکە لە مەترسییەکان بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانە.

دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر وادە و بەڵێنییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆ و هەروەها شەقام و دیوارەکانی ئەو ناوچەیە، لە ئێستادا بە بیانووی نەبوونی بوودجە ئەو کێشانە پشتگوێ خراون.

لەبارەی ئەگەرڕووخانی دیواری چەمی ئاوشووران ڕاگەیەندراوە کە بە هۆی خراپبوونی دۆخ دەبێ ڕێگە نەدرێ کە ماشینە بارهەڵگرەکان لەو ناوچەیە هاتوچۆ بکەن چونکە ئەگەر دیوارەکانی ئەو ڕووبارە کە دەکەوێتە بن شەقامەکەوە بڕووخێت کێشەی گەورە بۆ خەڵک دروست دەبێ و هەروەها لە کاتی هاتنی باراندا دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئەگەر ئەو دیوارە بڕووخێت ئەوە گەنجینەی مێژوویی تەکیەی مەعانولمولکیش لەناو دەچێ.

ڕووباری ئاوشووران بووەتە جێگای ئاوەڕۆ و ئاوە پیسەکان و لەم هاوینەدا بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر تەندرووستیی دانیشتوانی ئەو شوێنە.

لەلایەکی دیکەوە ١٠ ساڵ پێش بڕیار بووە پڕۆژەیەکی گەورە لە ئاوشووران بەڕێوە بچێ و سەوزایی زیاد بکرێ و کێشەی ئاوەڕۆکانیش چارەسەر بکرێت بەڵام بوودجەی کارەکە لە لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بێسەروشووین کراوە.