کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسیدارەدان: کابینەکەی پزشکییان کابینەی سەرکوت و سێدارەیە

11:11 - 7 خەرمانان 2724

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە حەفتەی ٣١ی خۆیدا بە پەیوەستبوونی ژمارەیەک لە بەندکراوانی بەندیخانەی تاران و پشتیوانیکردنی دوو نوێنەری مەجلیسی ئیتالیا لەم کەمپەینە، بەردەوام بوو.

دوێنێ سێشەممە ٦ی خەرمانان، ٣١ـەمین حەفتە لە سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی ئێران بەڕێوەچوو و کەمپەینەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کابینەی نوێی دەوڵەتی پزشکییانی بە کابینەی سەرکوت و سێدارە لە قەڵەم دا و بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی لانیکەم ١٢٦ بەندکراو لە سەرەتای هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێوە لە مانگی گەلاوێژدا ڕایگەیاند، بەپێی پەرەسەندنی سەرکوتەکان و هەروەها پێشینەی ئەندامانی کابینەکەی پزشکییان، دەکرێت کابینە نوێیەکە بە کابینەی سەرکوت و سێدارە ناودێر بکرێت و پێشەکییەک بێت بۆ سەرکوتی زیاتری کۆمەڵگە.

بەیاننامەکە زیادی کردووە: "سەرەڕای هەموو گوشار و سەرکوتەکانی دەسەڵاتی ئایینی بۆ سەر ئەم کەمپەینە، بەندکراوان لەهەمبەر سەرکوتەکان و لەسێدارەدانەکان خۆڕاگر بوونە و بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی تارانی گەورە ڕایانگەیاندووە کە ئەوانیش پەیوەستی ئەم کەمپەینە بوونە".

هەروەها نووسەرانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئاستی جیهاندا کەسانی بەویژدان دەنگی ئەم کەمپەینەیان بیستووە، باسیان لەوە کردووە کە دوو نوێنەری مەجلیسی ئیتالیا پشتیوانییان لەم کەمپەینە کردووە و زیادیشیان کردووە کە هەموو ویژدانە نەنوستووەکان لە جیهاندا پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەن.

سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لەلایەن بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەکانی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت و بە تێپەڕکردنی ٣١ حەفتە ژمارەیەکی زیاتر لە بەندکراوان و بەندیخانەکان بەم کەمپەینەوە پێوەست بوون.