کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٥٠ لەسەدیی نرخی هەندێک لە دەرمانەکان لە ئێران

11:52 - 7 خەرمانان 2724

لەکاتێکدا کە پێشتر چوار کۆمپانیای دەرمان لە ئێران مۆڵەتی بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمەکەی خۆیان وەرگرتبوو، ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان ئیزنی گرانکردنی نرخی دەرمانی بە دوو کۆمپانیای دیکە دا و ئەوانیش نرخی بەرهەمەکانیان هەتا ٥٠ لەسەد بەرز کردەوە.

دوو کۆمپانیای دەرمانسازیی "پارس" و "زەهراوی"، زانیارییەکانی خۆیان لە ڕێکخراوی بوورس گۆڕی و ڕایانگەیاند کە بە مۆڵەتی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان، نرخی ٧ جۆر لە بەرهەمەکانیان ٥٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بە هەژمارکردنی چوار کۆمپانیای دەرمانسازیی "داوە"، "دالبۆر"، "دێ تەولید" و "بیووتیک" کە پێشتر مۆڵەتی بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمەکانی خۆیان وەرگرتبوو، ئێستا ٦ کۆمپانیای سەرەکیی دەرمانسازی لە ئێراندا نرخی بەرهەمەکانی خۆیان بەرز کردووەتەوە.

دەرکردنی مۆڵەتی بەرزکردنەوەی نرخی هەندێک لە دەرمانەکان لەکاتێکدایە کە هەڵاوسانی دەرمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، نەخۆشەکانی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

هەروەها کێشەی دابینکردن و بڵاوکردنەوەی دەرمان لە بەشی بەرهەمهێناندا هەروا بەردەوامە و بە بەردەوامیی ئەم کێشەیە پێشبێنی دەکرێت کە لە نیوەی دووهەمی ئەمساڵدا ئێران لەگەڵ کەمیی بەرچاوی دەرمان بەرەوڕوو ببێتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەهرام کەڵانتەری خاندانی، بەرپرسی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژدا ڕایگەیاند کە دەرمانی نێو دەرمانخانەکان خەریکە تەواو دەبێت و توانایی کڕین و جێگوزینکردنی دەرمان نییە.

بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانە نێوخۆییەکان لەکاتێکدایە کە بە هۆی کوالێتیی خوار و بەکەڵکنەبوون، نەخۆشەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناچارن دەرمانی هاوشێوەی دەرەکی تەنانەت بە نرخی زیاتر دابین بکەن.

لەلایەکی دیکەوە بە هۆی لە خوارەوەبوونی کوالێتیی دەرمانە نێوخۆییەکان، پزیشکان و پسپۆڕەکان، نەخۆشەکان بۆ بەکارهێنانی دەرمانی هاوشێوەی دەرەکی تەنانەت بە نرخی زۆرتر هان دەدەن.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک لە دەرمانەکان، ئەم جۆرە دەرمانانە ئیتر بیمە لەخۆ ناگرن و بە سەرنجدان بە دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک، نەخۆشەکان دەبێ بە شێوەی ئازاد ئەم دەرمانانە دابین بکات.