کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئاو تەنگی بە خەڵکی وەزاڵەهاتووی چەند گەڕەکی شاری بۆکان هەڵچنیوە

12:12 - 7 خەرمانان 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانان خەڵکی گوندی شێخلەر لە ٥ کیلۆمێتریی بۆکان و سەر بە گەڕەکی میراوێی ئەم شارە بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەباوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ژنان و پیاوانی شێخلەر و ٢ گەڕەکی دیکەی بۆکان تێکڕا چوونەتە بەر ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری بۆکان و ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە نەبوونی ئاو دەربڕیوە بەڵام هیچ وڵامێکی ئەوتۆیان لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەکەوە وەرنەگرتووە و بەرپرسی ئیدارەکە لەجیاتی وڵامدەربوونی خۆی لە خەڵکەکە شاردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم ناوەندەی ڕاگەیاندووە کە چەند کەس لە کارمەندەکان بە خەڵکەکەیان وتووە کە ئەو ئیدارەیە هیچ بڕیارێکی بەدەست نییە و بڕیارەکان لە شوێنی سەرەوەترەوە دەگاتە دەستیان بۆیە ناتوانن کێشەی نەبوونی ئاوی ئەو خەڵکە چارەسەر بکەن.

ئەم سەرچاوە زیادی کردووە کە هەر ڕۆژی سێشەممە خەڵکی شێخلەر کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ چوونەتە سەر شوێنی کاری شۆرای گوندەکە و نوێنەری شارەوانیی بۆکان و بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام لە جیاتی چارەسەری کێشەی خەڵک هێزێکی سپای پاسداران بۆ ترساندنی خەڵکەکە چووەتە نێو گوندەکە و بڵاوەی بە خەڵکی ناڕازی کردووە.

نەبوونی ئاو لە شاری بۆکان لەکاتێکدایە کە ئاوی بەنداوی ئەم شارە ڕەوانەی پارێزگای تەورێز دەکرێت و خەڵکی گەڕەک و گوندەکانی ئەم شارەی تووشی قەیرانی ئاو کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی هەواڵێکی دیکەی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوو گەڕەکی تازاوا و ساڵحاوای شاری سەقز کێشەی ئاویان هەبووە و پچڕانی ئاو و کەمبوونی تەوژمی ئاو بووەتە کێشە بۆ سەر خەڵکی ئەم گەڕەکانە.

نەبوونی ئاو و کارەبا بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان و هەروەها ئێران بووەتە قەیرانێک لە وەرزی هاویندا و دەوڵەتیش لەجیاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکە ئاو و کارەبای کردووەتە دەورەیی و ئەوەش خەسارێکی زۆی بە کاروکەسابەتی خەڵک گەیاندووە و بووەتە هۆی خراپبوونی کەرەستە کارەباییەکانی خەڵک.