کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە بێڕێزی بە ژینا ئەمینی دوورخرانەوەی بەرپرسێکی زانکۆی عەلامەی لێ کەوتەوە

12:17 - 7 خەرمانان 2724

دوابەدوای بێڕێزی بەرپرسی کۆلێژی زانستی کۆمەڵایەتیی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بە ژینا ئەمینی و کاردانەوەی بنەماڵەی ژینا و خەڵکی کوردستان، ناوبراو لە کارەکەی دوور خرایەوە.

عەلی(ئەردەشیر) ئێنتزاری ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانان لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا و لە لێدوانێکی سەرتاسەر درۆ و چەواشەکارانەدا بە ئەدەبیاتێکی فاشیستانە و دوور لە ڕێز و ئەدەب، نێوی شەهید ژینا ئەمینی دێنێت و باس لەوە دەکات کە ڕێژیم بە شێوەیەکی نەرمونیان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی ژینا هەڵسوکەوتی کردووە.

دوابەدوای ئەو قسانەی بەرپرسی کۆلێژی زانستی کۆمەڵایەتیی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی، بنەماڵەی ژینا ئەمینی و ژمارەیەک کەسایەتی و زۆربەی خەڵک بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیان نیشان دا و بەرامبەر بە بێڕێزکردنی ناوبراو بە ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەمجەد ئەمینی باوکی شەهید ژینا لە کاردانەوە بەم وتە بێڕێزانەی ئێنتزاری لە ماڵپەڕی ئینستاگرامی خۆیدا نووسی: "ئەم قسانە هەڵقوڵاوی مێشکێکی ئاستنزمە"، و زیادیشی کرد "شەرمەزار بێت و باشترە کە وڵامی دیکەی پێ نەدەینەوە".

موژگان ئیفتخاری دایکی ژینا ڕوو بە عەلی ئینتزاری وتوویەتی: '' قسەکانت بێڕێزی و سووکایەتی بە هەموو خەڵکی ئێرانە و ئەم بێڕێزییە بەمانای بیڕێزی بە کەرامەتی ئینسانی و مافی شارۆمەندییە''. ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ''مێژوو بە شانازییەوە یادی ژینا دەکاتەوە''.

بەهۆی کاردانەوە و ناڕەزایەتیی خەڵک، بەرپرسانی زانکۆی عەلامە، لە بڕیارێکدا عەلی ئێنتزارییان بەهۆی بەکارهێنانی قسەی نەشیاو لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا، لە کارەکەی دوور خستەوە.