کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ٤ کەس لە سووریە و لوبنان کوژران

09:47 - 8 خەرمانان 2724

میدیاکانی سووریە ڕایانگەیاندووە کە ٤ کەس لە ئەندامانی گرووپەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە و لوبنان کوژراون.

هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس لە زاری میدیاکانی سووریە و بەرپرسێکی لوبنانییەوە کە ناوی پارێزراوە، نووسیویەتی لەم هێرشەدا کە کراوەتە سەر ماشینێک ئەندامێکی حیزبوڵڵای لوبنان و سێ ئەندامی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین کوژراون.

سەبارەت بەم هێرشە تاکوو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل و سووریە هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

جیهادی ئیسلامی بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە سووریە بە مەبەستی پەیوەستبوون بە حیزبوڵڵای لوبنان کە لە ١٥ی ڕەزبەرەوە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان دەرگیر بوون بەڕێ کردووە.

ئیسرائیل چەندین جار هێزەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە سووریەدا کردووەتە ئامانج بەڵام زۆر بە کەمی ئەم هێرشانەیان پشتڕاست کردوونەتەوە.

شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەبارەت بە بڕیارنامەیەک دەنگدان بەڕێوە ببات کە بەپێێ ئەم بڕیارنامەیە ئەرکی هێزەکانی پاراستنی ئاشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژ دەکرێتەوە.

پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیە کە لەلایەن فەرانسەوە ئامادە کراوە، خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارنامەی ساڵی ٢٠٠٦ و ڕاگرتنی دوژمنایەتی و کێشەکانی نێوان هەر دوو لایە.