هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “بابەک فەرامەرزی” ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ دەبێ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١٠ ڕۆژ دەبێ کە هێزە کانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد، بابەک فەرامەرزی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و لەو کاتەوە تائیستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ناوبراو جارێکی دیکەش لە کاتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوو.
بابەک فەرامەرزی ڕۆژی شەممە، ٢٧ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە یەکێک لە شەقامەکانی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و هەروەها لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەدا کە دەسبەسەر کراوە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.
شایانی باسە کە، بابەک فەرامەرزی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای نزیکەی ٢مانگ ڕاگیران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.