مامۆستا عەلی بەهرامی، پێشنوێژی شارەدێی ''نێ''ـی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگری'' ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا عەلی بەهرامی، پێشنوێژی شارەدێی ''نێ'' لە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.
ناوبراو ماوەیەکی بە مەبەسەتی گەشتکردن سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ مەریوان لە سنووری باشماخ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کرا پاش ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا، بەڵام هەتا ئێستا مۆبایلەکەیان پێ نەداوەتەوە و لە ژێر چاوەدێریی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیمدایە.
جێی ئاماژەیە کە جارێکی دیکەش مامۆستا عەلی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش ئەوەیکە لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەریوان بانگ کرابوو هەرلەوێ دەسبەسەر کرابوو و هەروەها تائێستا چەند جارێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە بیانووی جۆراوجۆر بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.