کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی ١٠٠ لە سەدی نرخی نان لە ١٠ پارێزگای ئێران

10:32 - 8 خەرمانان 2724

هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم باسی لە گرانبوونی ١٠٠ لە سەدی نرخی هەموو جۆرەکانی نان لە تاران کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە نرخی نانی سەنگەکی، بەڕبەڕی و تافتوون هەریەک دوو ئەوەندە بووەتەوە لەکاتێکدا کە بەرپرسی ژووری سەندیکاکانی تاران ڕایگەیاندووە کە هێشتا هیچ بڕیارێک بۆ گرانکردنی نان نەدراوە و ئەم نرخانە نایاساییە.

چەند سەرچاوەیەکی دیکەی ڕێژیم باسیان لە دوو بەرابەربوونی نرخی نان لە ١٠ پارێزگای ئێران کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بەمەبەستی قەرەبووی تێچووی نانەواخانەکان نرخی نان لە هەموو ئێراندا بەرز دەبێتەوە.

ڕێژیم لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا ٢ جاری دیکەش نرخی نانی تا ٧٠ لە سەد گرانتر کردبوو و ئەمە جاری سێیەمە کە نرخی نان لەم ماوەدا گران دەبێت.

گرانی نان کە یەکێک لە خۆراکە هەرەپێویستەکانی سەر سفرەی خەڵکە و دەتوانێت سفرەی خەڵک زیاتر لە پێشوو بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

گرانی و هەڵاوسان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە سەوەتەی خۆراکی خەڵک لە هەموو کاتێکی دیکە کەمتر ببێتەوە و بنەماڵە هەژارەکان نەتوانن گۆشت، شیرەمەننییەکان و میوە بۆ بنەماڵەکانیان دابین بکەن.