یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان کۆڕێکی بۆ ناساندنی کتێبی "مێژووی ئورارتوو و ماننا"، نوێترین بەرهەمی "شارۆخ حەسەنزادە" بەڕێوە برد.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بە مەبەستی ناساندنی کتێبی "مێژووی ئورارتوو و ماننا" لە نووسینی شارۆخ حەسەنزادە، بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ڕێکخراو، کۆڕێکی بەڕێوە برد. لەم کۆڕەدا نووسەری ئەم کتێبە و هەروەها جەماڵ فەتحی، سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وتاریان پێشکەش کرد.
لە دەستپێکی کۆڕەکەدا، بێهزاد قادری، پێشکەشکاری بەرنامەکە، کورتەیەک لەسەر کتێبەکە و هەروەها کورتەیەک لەسەر کار و چالاکیی شارۆخ حەسەنزادەی پێشکەشی بەشداران کرد.
پاشان و لە پانێلی یەکەمدا، شارۆخ حەسەنزادە، نووسەری کتێبی مێژووی ئورارتوو و ماننا، بەکورتی پەرژایە سەر گرینگیی مێژوو و پێویستیی زانین و خوێندنەوەی مێژوو، بەتایبەتی بۆ ئێمەی کوردستانی. هەروەها باسی لەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە بواری مێژوو دەتوانێت ئێمەی کوردستانی لە نامۆیی مێژوویی و نامۆیی نەتەوەیی ڕزگار بکات و بەرەو سەربەستیمان ببات.
لە پانێلی دووەم و دوابڕگەی کۆڕەکەدا، جەماڵ فەتحی، سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وتارێکی لەژێر ناوی "خوێندنەوەی کتێبی مێژووی ئورارتوو و ماننا لە نێوان زمان و مێژوودا" پێشکەش کرد و بەکورتی ئاوڕێکی لە ناوەڕۆکی ئەو کتێبە دایەوە و زەحمەتی نووسەری لەم بوارەدا بەرز نرخاند و باسی لە گرینگی و پێویستیی کار و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم بوارەدا کرد.