پاش داواکاریی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم بۆ سنووردارکردنی زیاتری ئینتێرنێت و فەزای مەجازی لە ئێران، مەسعوود پزشکییان خوازیاری جێبەجێکردنی فەرمانی خامنەیی و بە وتەی خۆی بەڕێوەبردنی دروستی فەزای مەجازی لە ئێراندا بوو.
مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم بە ئاماژەدان بە چاوپێکەوتنی ڕۆژی سێشەممەی خۆی و کابینەکەی لەگەڵ خامنەیی، فەرمانی بە پێداچوونەوە بە فەزای مەجازی و ئینتێرنێت بەپێی قسەکانی خامنەیی دا.
خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا بە لەقەڵەمدانی فەزای مەجازی ئێران بە فەزاییەکی ڕەها، ڕایگەیاندبوو کە دەبێت لە ئینتێرنێت و فەزای مەجازیدا حوکمڕانییەکی یاسایی بوونی هەبێت.
سەرۆککۆماری نوێی ئێران کە ئێستا فەرمانی بە سنووردارکردنی زیاتری ئینتێرنێت داوە لە کاتی بانگەشەی شانۆی هەڵبژاردنەکاندا ڕخنەی لە فیلتێرینگی ئینتێرنێت لە ئێران گرتبوو و باسی لە چاکسازییەکان لەم بوارەدا کردبوو.
پاش ئەم قسانەی خامنەیی و فەرمانی پزشکییان، بەرپرسی شۆرای باڵای فەزای مەجازی لە بەرنامەیەکدا بە جەختکردنەوە لە سەر قسەکانی خامنەیی ڕایگەیاند کە لە داهاتوودا یاساوڕێساکانی فەزای مەجازی بەهێزتر دەکرێت.
ڕێژیمی ئیسلامی ساڵانێکە لە هەوڵدایە تاکوو بە سنووردارکردنی زیاتری ئینتێرنێت کەشێکی بێدەنگانە بۆ بەڕێوەبردنی تاوانەکانی بخوڵقێنێت و بە بچڕاندنی ئینتێرنێت بەتایبەتی لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان تا ڕادەیەک توانیویەتی بەم ئامانجەی بگات.
بەرپرسانی ڕێژیم پێشتر و لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ چەند جارێک باسیان لەوە کردبوو کە فەزای مەجازی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی سەرتاسەری ناڕەزایەتییەکان لە ئێران.
وێدەچێت لە ئێستادا کە مەسعوود پزشکییان خۆی بە بەڕێوبەری بێ ئەملاولای خامنەیی ناساندووە، لە ماوەی لەسەرکاربوونی دەوڵەتەکەی لە هەموو کاتێکی دیکە بەربەستی زیاتر بۆ سەر ئینتێرنێت لە ئێران دروست بکات.