پچڕانی بەردەوام و درێژخایەنی کارەبا لە ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بووەتە هۆی پەکخستنی ژیانی هاووڵاتیان و زیانی بازرگانی.
هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی هاووڵاتییان لە دۆخی قەیرناوی کارەبا، وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی کارەبا ڕایگەیاندووە، پێویستە خەڵک پەنکە بەجێگەی فێنککەرەوەکانی دیکە دابنێن.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان سەبارەت بە بچڕانی کارەبا لە ئێران، نەبوونی کارەبا و ئاگادار نەکردنەوەی پێشوەختە کە ڕۆژانە چەند جارێک لە ناوچە جیاوازەکان ڕوو دەدات و هەرجارەش بۆ چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، ژیانی هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی گرفت کردوتەوە و خەسارێکی زۆریشی بە خەڵک و پیشەسازییەکان گەیاندووە.
بڕیار بوو لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە بڕینی کارەبا بەپێی خشتەیەکی پێشوەختە دیاریکراو ڕوو بدات تاکوو خەڵک خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئامادە بکەن، بەڵام بچڕانی کارەبا بەپێی خشتەکان ڕوو نادات و گرفتەکانی خەڵکی زیاتر کردووەتەوە.
لە ئێستادا و لەکاتێکدا کە وەزیری وزەی ڕێژیم داوا لە خەڵک دەکات کە هاوشێوەی ڕابردوو و بە وتەی خۆی وەک خەڵکی ژاپۆن لە پەنکە کەڵک وەربگرن، داتا فەرمییەکان نیشانی ئەدەن کە بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ ماڵان لە ئێران لە وڵاتانێکی وەک تورکیە، ئاڵمان و ژاپۆن کەمترە.
بیانووی زۆر بەکارهێنانی وزە لەلایەن هاووڵاتییانەوە کە لەکاتی قەیرانەکاندا لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە پشتی پێ دەبەسرێت، هیچ سەرچاوەیەکی ڕاستی لە پشتدا نییە.