کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ

12:35 - 8 خەرمانان 2724

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ۱٤۰۳ی هەتاوی، سەعید محەممەدزادە باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی کەیهان ناسراو بە ''چەکۆ'' لە شاردەێی دزێ لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

مام سەعید محەممەدزادە کوڕی مەحموود، ساڵی ۱۳۲۳ هەتاوی، لە گوندی ''فلکان''ی سەر بە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، لە بنەمەڵەیەکی نیشتیمانپەروەر چاوی بە دونیا هەڵێناوە.

مام سەعید لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، واتە لە ساڵی ۱۳٥۷وە لە هێزی بەرگری حیزبی دێموکراتدا بووەتە پێشمەرگە و تا زستانی ساڵی ۱۳٥۹ لە ئەرکی پێشمەرگایەتی بەردەوام بووە.

 دوابەدوای ئەوە مام سەعید گوندی فلکان بەچێ دەهێڵی و لە شارەدێی دزەی مەرگەوەڕ دەگیرسێتەوە.

مام سەعید لەو ماوەیەدا لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە پشت گوندی ژاراوێێ مەرگەوەڕ بریندار بووە.

کوڕێکی مام سەهید بە ناوی کەیهان محەممەدزادە ناسراو بە ''چەکۆ''، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لەپێناو ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەی خەبات دەکات.

شایەنی باسە کە برازایەکی مام سەعید بە ناوی شەهید شەهاب بەهۆی کار و چالاکی حیزبی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و دواتر لە سێدارە دەدرێ.

تەرمی مام سەعید لە گۆڕستانی دزەی مەڕگەوەڕ و لەناو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەڕ و دەوروبەری، بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مام سەعید، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی هاوبەشی خەمیان دەزانێت.