کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بە مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧

10:24 - 10 خەرمانان 2724

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە وەبیرهێنانەوەی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە ١٧ خەرمانانی ١٣٩٧ بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا کە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، بەڕێز کاک خالید دەرویژە، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات، وێڕای ئاماژەدان بە مووشەکبارانی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب لە ١٧ خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی کە تیایدا ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادرو پێشمەرگەی حیزب شەهید و بەدەیان تێکۆشەری دیکەی دێموکرات بریندار بوون، باسی لە ئامانجەکانی ئەم هێرشە تێرۆریستییەی ڕێژیم بۆ سەر حیزب کرد.

بەڕێز دەرویژە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ بە مەبەستی پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و مەحکووم و ڕیسواکردنی ئەم هێرشە تێرۆریستییەی ڕێژیم کرد و وەک دەسکەوتێکی بەرزی سیاسی ناوی هێنا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا کاک حەسەن ئەبرووزەنی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب و یەکێک لە شایەتحاڵانی هێرشی مووشەکەیی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە ١٧ خەرمانان، قسەی بۆ بەشداران کرد. بەڕێز ئەبرووزەنی لە قسەکانیدا وێڕای گێڕانەوەی ڕووداوەکە، باسی لە ئیرادەی بەرزی تێکۆشەرانی دێموکرات بەرانبەر بە هێرش و پیلانەکانی ڕێژیم و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزب کرد.