کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی/ ئێران ئورانیۆمی زیاتر پیتاندووە

11:13 - 10 خەرمانان 2724

لە دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانان لەلایەن هەواڵدەریی ڕۆیتێرزەوە بینراوە، باس لە درێژەدانی کۆماری ئیسلامی بە پیتاندنی زیاتری ئورانیۆم کراوە.

ڕۆیتێرز سەبارەت بەم ڕاپۆرتە ڕایگەیاندووە، سەرەڕای پەسەندی بڕیارنامەی شۆرای حوکامی ئاژانس لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، کۆماری ئیسلامی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بەرەو باشتربوون نەبردووە و ڕێگەی بە چاوەدێرانی ئاژانس نەداوە تاکوو سەردانی وزەخانە ناوکییەکان بکەن.

ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران لە ماوەی ڕابردوو و هەروەها هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا ڕایگەیاندووە کە دیپلۆماسییە ناوکییەکان تا ڕادەیەکی زۆر چوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم دوو هەڵبژاردنەوە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتێزرزدا هاتووە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی باسی لە زیاترکردنی سانتریفیووژەکانی دوو سایتی "نەتەنز" و "فۆردۆ" کردووە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە ٢٢.٦ کیلۆگرەمی ئورانیۆمی "یوو ئێف ٦" کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم بەکار دەبرێتی زیاد کردووە و لە ئێستادا ڕێژەکەی گەیشتووەتە ١٦٤.٧ کیلۆگرەم کە دەکرێت تا ٤ بۆمبی ئەتۆمیی پێ دروست بکرێت.

ئەم ڕێژەیە لە پیتاندنی ئورانیۆم لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بەرنامە ناوکییەکانی خۆی بە ئاشتیخوازانە لە قەڵەم داوە و هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ڕەت کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا و پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق، ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە دەبێت دوکتۆرینی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بگۆڕدرێت و بۆمبی ئەتۆم دروست بکات.