کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە بەندیخانە ئازاد کرا

11:19 - 10 خەرمانان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٣، حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکییەوە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

حەسەن ئەمینی باقی ماوەی سزاکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و بە سنووردارکردنی هاتوچۆ لە ماڵەکەی خۆیدا تێدەپەڕێنێت.

ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا.

حەسەن ئەمینی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٦ مانگ و نیو بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

شەوی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، حەسەن ئەمینی لەگەڵ بنەماڵە مافخوازەکانی سنە، دێولان و دیواندەرە پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسم لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و گۆڕستانی بۆکان و لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و لە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، محەممەد ئەمینی کوڕی گوڵمحەممەد و خەڵکی گەڕەکی "تەقتەقان"ی سنە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کرا.