کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتەبایی قسەکانی پزشکییان و وەزیرەکانی سەبارەت بە گرانکردنی بێنزین

11:51 - 10 خەرمانان 2724

پاش بڵاوبوونەوەی قسەکانی مەسعوود پزشکییان سەبارەت بە نرخی ئێستای بێنزین و ئەگەری گرانکردنی لەلایەن دەوڵەتی چواردەیەمەوە، وەزیری ئابووری لە لێدوانێکی ناتەبا لەگەڵ قسەکانی پزشکییان ڕایگەیاند کە کۆمەڵگە ناتوانێت گوشاری گرانترکردنی بێنزین هەڵبگرێت و دەوڵەت دەبێت خۆی لە کردەوە شۆکهێنەرەکان بپارێزێت.

عەبدولناسر هێمەتی ڕایگەیاند ناکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی گرانکردنی بێنزین لەسەر هەڵاوسان لەمبارەوە بڕیار بدرێت، چونکە کۆمەڵگە توانای ڕاوەستان لەهەمبەر گوشارەکانی بێنزین و دراوی تەک نرخیی نابێت.

ئەم قسانەی هێمەتی لەکاتێدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا قسەکانی پزشکییان سەبارەت بە گرانترکردنی بێنزین کاردانەوەی بەربڵاوی لێ کەوتبووەوە.

مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتەکانی دابەشکردنی بێنزین لە ئێستادا هەڵەیە و بە وتەی خۆی هیچ مەنتقێک بۆ ئەم نرخە کەمەی ئێستای بێنزین بوونی نییە.

پێش ئەم قسانەی پزشکییان وەزیری نەوتی دەوڵەتی پزشکییان باسی لەوە کردبوو کە دەوڵەت بۆ مودیرییەتکردنی بەکارهێنانی بێنزین نایهەوێت کە نرخی بێنزین گران بکات.

لەلایەکی دیکەوە محەممەدڕەزا عارف جێگری یەکەمی پزشکییان بەبێ ڕەتکردنەوەی ئەگەری گرانترکردنی بێنزین ڕایگەیاند کە خەڵک لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە دەوڵەتی چواردەیەم هیچ بڕیارێکی بەپەلە سەبارەت بە گرانکردنی بێنزین نادات.

لە ئێستادا و بەپێی ناتەبابوونی قسەکانی پزشکییان و کابینەکەی لەگەڵ یەکدا سەبارەت بەم بابەتە ڕوون نییە کە دەوڵەتی تازە دەستنیشانکراوی پزشکییان لە کۆتاییدا چ بڕیارێک ئەدات بەڵام گرانکردنی نرخی بێنزین لە دەوڵەتەکانی پێشوودا هەموو کات ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی لێ کەوتووەتەوە.

دوایین جار لە خەزەڵوەری ٩٨دا کە بێنزین لەلایەن دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانییەوە گران کرا خەڵکی ناڕازی لە زۆربەی شارەکانی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و سەبارەت بە گرانکردنی ٣٠٠ لەسەدیی نرخی بێنزین خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد کە ئەم خۆپیشاندانانە بە کوشتنی ١٥٠٠ کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت کرا.