کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی باوکی ئەبولفەزل ئادینەزادە، دوای هەشت ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی ناڕوونە

11:38 - 11 گەلاوێژ 2724

دایکی ئەبولفەزل ئادینەزادە کە کوڕەکەی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا شەهید کرا، ڕایگەیاندووە کە دوای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی هاوسەرەکەیدا‌ تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە دۆخی ناوبراو نییە، و هێزەکانی ڕێژیم لە ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ وڵامیکیان پێ نادەنەوە.

عەلی ئادینەزادە باوکی ئەبولفەزل، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ، دوای بانگکرانی بۆ دادگا، دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی قووچان گواستراوەتەوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی گەلاوێژ دایکی شەهید ئەبولفەزل لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی کچەکەیدا بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند: دوو ساڵ بەسەر شەهیدبوونی کوڕە ١٦ ساڵانەکەیدا تێپەڕیوە، بەڵام لەبری ئەوەی بکوژی منداڵەکەم بدۆزنەوە هاوسەرەکەیان دەسبەسەر کردووم.

لەلایەکی دیکەوە عەلی ئادینەزادە دوو ڕۆژ پێش دەسبەسەرکرانی، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاگادارییەک لە ستۆریی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، ڕایگەیاندبوو کە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە قووچانەوە بانگ کراوە.

ئەبولفەزل ئادینەزادە، تەمەن ١٦ ساڵ، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" بەردەم زانکۆی فێردەوسی مەشهەد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەودای نزیکەوە بە تەقەی گوللـەی ساچمەیی شەهید کرا.

لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە پێنسەد کەس بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کران.