کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان تەنیا لە ٥ مانگدا

19:20 - 15 گەلاوێژ 2724

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان خشتەیەکی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی خشتەی بڵاوکراوی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کاناڵی تێلێگرامیی خۆیدا، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە و تەنیا لە ماوەی ٥ مانگدا  ١١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی شاری مەریوان و سەوڵاوا ڕووی داوە.

ئەم ڕێکخراوە ژینگە پارێزە لە خشتەکەیدا لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە تا ٨ی گەلاوێژ، ١١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی لە دەیان شوێن و ناوچە جیاوازەکانی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کردووە.

مەترسیی بابەتەکە لەوەدایە کە ئەم ئامارە و سووتاندنی سەدان هێکتار لە دارستان و سروشتەکانی کوردستان لەم ماوە کورتەدا تەنیا هی دوو شاری کوردستانە و ئاماژەیەک بە ناوچەکانی دیکە نەکراوە.

هەر لەم ماوە ئاماژەپێکراوەدا سەدان حەڵەتی ئاگرکەوتنەوەی گەورە و بچووک لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە کە بووەتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان.

لە نوێترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان، زیاتر لە ٥٠٠ هێکتاری دارستانەکانی شاری سەلاسی باوەجانی سووتا.

ئەم ئاگرە کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژەوە بەرببووە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە، پاش پێنج ڕۆژ بەردەوامبوون و سووتانی زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکان، لەلایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە و چەند شارێکی دیکەی کوردستان تا ڕادەیەک زۆر کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجداربوون و بەئەنقەستبوونی هێندێک لە ئاگرەکانی کوردستان، ڕێژیم هیچ کات بۆ پێشگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی سووتانی دارستانەکانی کوردستان، هەوڵی نەداوە و بە شێوازێکی سیستماتێک لە چوارچێوەی لەنێچوونی دارستان و سروشتەکانی کوردستان، سیاسەتە کاولکارانەکەی خۆی لە ڕێگەی لایەنە پێوندیدارەکانەوە لە ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوە بردووە.