کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جارێ باسێک لە دیپلۆماسی نییە، تۆڵە بژاردەی یەکەمە

19:33 - 15 گەلاوێژ 2724

هەردی سەلیمی

یەکەم کاردانەوەی "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تێرۆری "ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی دەفتەری سیاسیی "حەماس" لە تاران، وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارە، باس لە تۆڵەکردنەوە بوو. ڕوانینی فەرمیی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم ڕووداوە، ئەوەیە کە "ئیسرائیل"، هەنیەی کوشتووە و لە ڕێگەی ئاسمانییشەوە ئەم کارەی کردووە. لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا هیچ بەرپرسیارەتییەکی لە ئەستۆ نەگرتووە، لەولاشەوە کۆماری ئیسلامی هیچ بەڵگەیەک نادا بەدەستەوە کە نیشان بدات ئیسرائیل کردوویەتی. ڕێگەی بە کارناسانی نێودەوڵەتی نەداوە توێژینەوە لەو بارەوە بکەن کە دەبوو خۆی داوای کومیتەی ڕاستی‌دۆزینەوە بکات، هەروەها بابەتەکەی نەگواستووەتەوە بۆ شۆڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیچ سکاڵایەکی نەکردووە و تەنیا خۆی بە دادئەستێنی خوێنی هەنیە دەزانێ و دڵنیاشە لەوەی ئیسرائیل کردوویەتی.

لە لایەکی ترەوە بەشێک لە ڕاگەیەنە "ئامریکایی"ـیەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی بڵێن ئەم ڕووداوە بەهۆی دانانی بۆمبەوە ڕووی داوە، ڕەوایەتێک لەدژی ڕەوایەتی فەرمیی کۆماری ئیسلامی. گەر وابێ قورساییی زیاتر دەکەوێتە سەر شانی بەشی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامی، هەرچەند لە حاڵەتی هێرشی ئاسمانییش‌دا ئەو بەرپرسیارەتییە هەر لەسەر شانی ئەو بەشە هەیە، بەڵام لە حاڵەتی بۆمب‌دانانەوە گەلێک زیاترە و ئاستی ئابڕووچوونەکە زۆرترە، جگە لەوەش تۆپەکە دەکەوێتە مەیدانی خودی کۆماری ئیسلامییەوە، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئەو ڕەوایەتەی قەبووڵ نییە و ئامادە نییە ئەو سەرشۆڕییە بێ‌ئەندازەیە قەبووڵ بکات، لەلایەکی تریشەوە دەیهەوێ وا نیشان بدات کە خاکەکەی بووەتە ئامانجی هێرشی دەوڵەتێک و بەم شێوەیە "هەق"ـی بەدەست بێت.

بێجگە لە "پزشکیان" کە ئەویش بە هێڵی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌دا ڕۆیشت و نێوەرۆکی پەیامەکەی تۆڵاوی بوو و دیسان لایەنگرانی تووشی شۆک کرد کە لە بانگەشەکانی‌دا باسی لە دیپلۆماسی و وتووێژ دەکرد، "حەسەن نەسروڵڵا"، ڕێبەری "حیزبوڵڵا"ش، ئاورەکەی گەشاندەوە و وتی: "ئێران پێی وایە هێرش کراوەتە سەر شەرەف و ئابڕووی"، کە ئەم لێدوانەش وەک لێدوانەکەی خامنەیی کە وتی: "میوانمان کوژراوە و ستاندنی خوێنی بووەتە ئەرکی سەرشانمان" لێکدانەوەکان زیاتر بەرەو ئەو ئاقارە دەبات کە ڕوانینەکان هەستەکین و وڵام‌دانەوەیەکی هەستەکییش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە چاوەڕوان دەکرێت؛ بەتایبەت کە کەشی دەروونیی لایەنگرانیشیان ئەوەیان لێ دەخوازێ و هەروەها بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی "ترساو/ شڵەژاو"ی خامنەیی لەلایەن دژبەرانییەوە، ئەم کەشە هەستەکییە زیاتر پەرەی ستاندووە و دەشتوانێ بەقەرا خۆی دەور ببینێ لەسەر بڕیارەکان‌دا.

پاش ئەم پەیام‌ بڵاوکردنەوانە خامنەیی دیسان جەختی لەسەر "نەمان"ـی ئیسرائیل کردەوە و لە تویتێک‌دا وتی کە ئیسرائیل نامێنێ، کۆماری ئیسلامی و هەروەها باڵە نیابەتییەکانی پێیان‌وایە وڵامێک بە ئیسرائیل نەدەنەوە، هیچ کامێکیان ئەمنیەتیان نامێنێ و دەتوانێ قوربانیی دوای هەنیە هەرکام لەوانی تر بێ، بۆیە وا دەخوازێ هەم بۆ پێشگیری و هەمیش بۆ تیماری غرووری برینداریان وڵامێک لە خۆیان نیشان بدەن؛ "پێنتاگۆن"ـیش بۆ ئامادەکاریی زیاتر ئاڕایشی نیزامیی هێزەکانی لە ناوچەدا بەمەبەستی پاراستنی زیاتری ئیسرائیل گۆڕیوە و وا وێ‌دەچی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی بەجددی وەرگرتووە. لە ڕووی نێوخۆیییشەوە هەر لەژێر کاریگەریی ئەم ڕووداوە و چەندین ڕووداوی هاوشێوەی تر کە دەستی باڵای دوژمنەکەیان لە ڕووی ئەمنیەت و زانیارییەوە نیشان دەدا، بەتەمان دەست بە تەسفییەیەکی کەم‌وێنە بکەن و بەدەردی خۆیان بەشی ئەمنیەتیان پێویستی بە "خانەتەکانی"ـی هەیە.

لە ئەگەری نیشان‌دانی دژکردەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، چاوەڕوان دەکرێ دژکردەوەکە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی پێشوو کاریگەرتر و بەربڵاوتر بێ و زۆر زیاتر لە ڕاگەیاندنی ئەو پەیامە بێت کە "دەتوانم خاکت بکەمە ئامانج"، بەدوای ئەوەش‌دا وڵامی ئیسرائیلیش بە وەها دژکردەوەیەک بێ‌گومان توند دەبێ و بۆ مانەوەی خۆی بە پێویستی دەزانێ هەموو کارە ناتەواوەکانی تەواو بکات، ئیتر سەرلەنوێ و بۆ جارێکی تر ئەم ڕێگەیە نەپێوێتەوە؛ دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین کۆماری ئیسلامی خۆ لەم ڕیسکە دەدات یان نا.