کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزشکییانی ڕێفۆرمخوازیش لەسەر پرسی حیجاب پێداگرە

12:14 - 11 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، میدیا نێوخۆییەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری مەسعود پزشکییان، باسیان لە دەستپێکردنی گەڵاڵەیەکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سێوازی جلوبەرگ پۆشینی پیاوانیان کرد.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی میهەن لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری ژمارێک لە پیاوانی دانیشتووی تارانەوە ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی مەسعوود پزشکییان لە جیاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، بە بیانووی جلوبەرگ پۆشینەوە گوشاری زۆریان بۆ پیاوان هێناوە.

ڕۆژنامەی میهەن لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم، بە بیانووی جۆری جلوبەرگ پۆشین لە شەقامەکان هۆشدارییان بە پیاوان داوە و ئەمە لە چەند حاڵەتدا تەنانەت لێدان و ئەشکەنجەی پیاوانیشی لێکەوتووەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزشکییان لە کاتی هەڵبژاردندا چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گەڵاڵەکانی حیجاب لە شەقامەکان کۆ دەکاتەوە بەڵام لە ئێستادا هێزەکانی ڕێژیم لە نێو شارەکاندا جگە لە ژنان، جلوبەرگی پیاوانیشیان کردووەتە ئامانج.

ڕێژیم لە کاتی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکاندا، بە چنینی مۆرەکانی خۆی و هێنانی پزشکییان وەک تاکە بەربژێری ڕێفۆرمخواز، هەوڵی ئەندازیاریکردنی ئەم شانۆیەی دا، بەڵام پاش دەسبەکاربوونی پزشکییان هەروا کە خۆی ڕایگەیاند، لە سیاسەتی خامنەیی لای نەداوە.