کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو (هزرە بەرزەکانی و بیرەوەرییە جوانەکانی)

21:05 - 15 گەلاوێژ 2724

خەج مەعزووری

بە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش ٣٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی نهینی، لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٧دا ئاشکرابوونی کار و چالاکییەکانی لە لایەن دوکتور قاسملووی مەزنەوە لە متینگێکی گەورە لە شاری مهاباد ڕاگەیەندرا. بە دوای ئەم متینگە گەورە و گرینگەدا حیزبی دێموکرات بە ڕێبەریی دوکتور قاسملوو و بە بەرنامەیەکی تۆکمەی تەشکیلاتی و نیزامی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خەریکی ڕێکخستنی سیاسی لەنێو خەڵکدا، ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دامەزراندنی ڕێکخراوە حیزبییەکان بوو. دەشتوانم بڵێم لە ماوەیەکی کورتدا لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان ڕێکخراوە حیزبییەکان بووژانەوە و وەرزێکی نوێ لە کار و تێکۆشانی حیزبی و سیاسی دەستی پێ کردبوو.

زۆر چاک لەبیرمە هەر لەو سەروبەندەدا دوکتور قاسملوو لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی پێشمەرگە کە چەند خاتوونێکیشیان لەگەڵ بوو، و ڕێکخراوەکانی حیزبیان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەسەر دەکردەوە؛ هاتنە شنۆ. ئێمە هەموومان بەگشتی  لە ڕادەبەدەر تامەزرۆی دیتنی دوکتور قاسملوو لە نزیکەوە بووین.

دوکتور قاسملووی مەزن بەهەیبەتەوە گەیشتە جێ و لەلایەن خەڵک و پێشمەرگەکانی "کێلەشین"ی ئەوکات پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا. لەلایەن ئێمەی گرووپی کچانیشەوە سروودێک بە ناوی "پێشمەرگەی کوردستانین"  ئامادە کرا بوو کە لە سەرەتای بەرنامەکەدا بۆ بەخێرهێنانی کاک دوکتور پێشکەشمان کرد. دوکتور قاسملوو لەو کۆبوونەوەیەدا کە چاوی بە ژمارەیەک پێشمەرگەی ژن کەوت، زۆر خۆشحاڵ بوو. خۆشحاڵ لەوەیکە ئێمە ژنان بەو دەرک و شعوورە و هەستە گەیشتووین بۆ ستاندنی مافەکانمان لە مەیداندا بین و بۆ وەرگرتنی مافەکانمان هەر چاومان لەدەستی پیاوان نەبێت. بزەی کەوتبووە سەر لێو کە دەیدی ژنانی شاری شنۆ باوەڕیان بەوە هێناوە ژن و پیاو وەک یەک بۆ دەستەبەر کردنی مافەئینسانی و نەتەوەیی گەلەکەیان پێویستە حزووری مەیدانی و بەکردەوەیان هەبێت. هەر بۆیە کە ڕیزی ئێمە ژنانی دیت، ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی و فەرمووی: ئافەرین! ئافەرین سەر دەکەوین... .

ئەمن یەک لەو ژنانە بووم کە قسەی لەگەڵ کردم. فەرمووی: حیزب لە هەوڵ‌دایە بۆ ژنان ڕێکخراوی تایبەت لە سەرانسەری کوردستان دابمەزرێنێ. ئێوەش ژنانی شنۆ لەو بوارەدا هەوڵ بدەن ڕێکخراوێکی تایبەتیی خۆتان هەبێ و کێشەکانتان لەو ڕێکخراوەدا بێننە گۆرێ و کارەکان بەڕێکخراو بکەن. دوکتور قاسملوو هەروەها لەگەڵ بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئەوکاتی شنۆ قسەی کرد و پێشنیاری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دا و فەرمووی: با ژنان سەربەخۆ لە پەنا حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەکانی و لەژێر ڕێنوێنی و یارمەتی کۆمێتەی شارستاندا، لەو ڕێکخراوەیەدا کار و چالاکی بکەن. دواتر بە ژیری و وردبینییەوە هێندێک ڕێنوێنی کردین و هانی داین، لەگەڵ ئەوەشدا لێو بەبەزە و بە شۆخی و جەفەنگ فەرمووی: دەبێ ئێوە ژنان بە کار و چالاکیەکانتان وەپێش پیاوەکان کەون و لە داهاتوودا ڕێبەریی ئەو حیزبە وەئەستۆ بگرن.

ئێمە بەو قسانەی دوکتور قاسملوو و پێشنیاری دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەتی ژنان گەلێک خۆشحاڵ و دڵگەرم و ڕازی بووین. دیار بوو کاک دوکتور باوەڕێکی قووڵی بە یەکسانیی ژن و پیاو و چارەسەری کێشەی ژن لە کۆمەڵگەدا هەبوو. ئەو دەیزانی ژنی کورد چەندە دەچەوسێتەوە و چەندە بێ‌دەرەتان و بێ‌پشتیوانە و پێویستی بە پشتیوانییەکی قایم و پێگەیشتن و تێگەیشتن هەیە.

باش لەبیرمە دوکتور قاسملوو فەرمووی: هێندێک دیاردەی ناحەز لە کۆمەڵی کوردەواریدا هەن کە ژنانی کوردی لە دواکەوتووییدا هێشتۆتەوە و زوڵمێکی زۆریان لێ کراوە. ئێوە پێشمەرگەی ژن دەبێ بەدژی ئەو ستەمانەی بە هاورەگەزەکانتانەوە ڕەوا دەبینرێ بوەستنەوە و بە کار و چالاکیەکانتان بەرپەرچی ئەو نەریتە ناحەز و دزێوانە لە کۆمەڵی کوردەواریدا بدەنەوە. مەشترسێن، لەو بوارەدا حیزبی دێموکرات لەگەڵتانە و لە پشتتان ڕاوەستاوە. هەروەها زۆر چاک لە بیرمە هەر ئەوکات کچێک لە شنۆ کە بەگوێرەی داب‌ونەریتی کۆن بە بەرخوێن درابوو، و سکاڵایەکی کۆمەڵایەتی هێنایە لای دوکتور قاسملوو و دوکتور قاسملووش بە کۆمیتەی شارستانی ڕاگەیاند کە دەبێ گرفتی ئەو خاتوونە چارەسەر بکەن.

کۆنگرەی ٤ی حیزب لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ لە کەشوهەوایەکی بە ەواوی ئازاد و دێمۆکراتیکدا بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی و ژنان و چین و تووێژەکانی خەڵکی کوردستان لە سینەما ئۆمێدی مەهاباد گیرا. لە ڕاستیدا ئەوە یەکەم کۆنگرەی دوای ئاشکرابوونی کار و چالاکی حیزبی دێموکرات بوو، و لەم کۆنگرەیەدا ژنانیش بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران. ئاکامەکانی کۆنگرە دەری خست کە لەژێر ڕووناکایی بۆچوونەکانی د. قاسملوو دیار بوو هەوڵ دەدری ژنان پاڵپشتی بکرێن و خۆیان لە ناوەندەکانی بڕیار و جێبەجیکردندا بدۆزنەوە. بەڕاستی کاک دوکتور پێی خۆش بوو هەر کار و چالاکییەکدا دەست‌وپەنجەی ژنانی پێوە دیار بێ و ژنان لە هەموو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدار بن.

لەبیرمە پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، داوا لە کۆمیتە شارستانەکان کرا بۆ بەشداری لە دەورەیەکی سیاسی -کە یەکەم دەورەی سیاسیی حیزبی دێمۆکرات پاش ئاشکرابوونی بوو- ژمارەیەک پێشمەرگە بە ناوەندی تەشکیلاتی حیزب بناسێنن، تەوسییە و تەئکیدش کرابوو پێشمەرگەی ژنیش لەگەڵ بێ. ئەمن و دوو هاورێی پیاو بە تەشکیلاتی حیزب ناسێندراین و بەشداری ئەم دەورە سیاسییە لە "خڕەجۆ"ی مەهاباد بووین. بێجگەلە من چوار کچی دیکەش لەو دەورە سیاسییەدا بەشدار بوون. بەشداری پێنج ژن لە دەورەی سیاسیدا دڵخوازی دوکتور قاسملوو نەبوو، ئەو پێی خۆش بوو ژمارەی ژنانی بەشدار زۆر لەوەندە زیاتر بان.

دوکتور قاسملوو بۆ خۆی یەکێک لە مامۆستاکانی دەورەکە بوو. مامۆستاکانی ئەو دەورە سیاسییە: دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، کاک جەلیل گادانی، کاک حەسەن شەرەفی و کاک حوسێن مەدەنی بوون. هەموو کارەکانی ئەم دەورەیە بەگرووپ و بەکۆمەڵ دەمانکردن. لە پاک‌وخاوینی، جلوبەرگ شوشتن و ئاشپەزی‌کردن و قاپ‌وقاچاغ ڕا بگرە هەتا دەگەیەشتنە کاری پاسەوانی و پارێزگاری. هەرکام لەو گروپانەش ژنێکی تێدا بوو. ڕۆژانە بە کار و بەشداری لە کلاس و شەوانەش لە دەوری یەک دەست دەکرا بە هەڵپەرین و گەڕەلاوژە. زۆر چاک لەبیرمە کاک دوکتور قاسملوو بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ گۆرانی گوتنی ئەو کەسانەی شەرمیان دەکرد خۆش بکات، بۆخۆی دەستی کرد بە گۆرانی کوتن و گۆرانیی "کراس زەردێ"ی مامۆستا تاهیر تۆفیقی  گوتەوە. بەشدارانی دەورە هەم پێیان سەیر بوو، هەم شاگەشکە ببون کە د. قاسملوو بەو هەیبەتەوە چەندە خۆماڵی، سادە و خاکەڕا بوو. ئەو هەڵسوکەوتەی دوکتور قاسملوو ئەوەندە جوان و بەرز بوو قەت لە بیرمان ناچێ.

نموونەیەکی بەرجەستە و باوەر پێبوونی دیکەی دوکتور قاسملوو بە ژن و هەروەها ئاوڕدانەوە لە ژنان و گرینگیدان بە وجوودی ژنان لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکراتدا بوو. کاتیک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەفرانباری ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی کۆنگرەی ٨ی خۆی بە بەشداریی دەیان کادر و پێشمەرگە لە شاری سلیمانی (باشووری کوردستان) گرت، لەو کۆنگرەیە ا تەنیا ژنێک کە بەشداری کۆنگرە بوو من بووم. بۆ هەر من؟ ئەوەش بە هۆی ئەوەوە بوو حیزب لە بارودۆخێکی نالەباردا لە تاراوگە و دوور لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانەکەی خۆی و لە هەلومەرجێکی زۆر ناخۆشدا دەژیا. لە بەر دووری و سەختیی ڕێگا و هێندێک هۆی سەرەکی دیکەی ژیان ژنان کەمتر جەزبی حیزب دەبوون. هەربۆیە ژمارەیەکی کەم ژن بەشداریی بزووتنەوە بوون و لە ئاکامدا هەمیشە ژمارەیەکی کەم لە ژنان بەشداری کۆنگرەکان دەبوون. لە یەکێک لە ڕۆژەکانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا شەهید دوکتور قاسملوو بانگی کردم و فەرمووی: پێم‌خۆشە خۆت بۆ جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دابنێ. من هەم پێم خۆش بوو، هەم دەترسام. لە وەڵامی داواکەی دوکتور قاسملوودا کوتم: کاک دوکتوور بۆ من جارێ زوور زووە و لە عۆدەی ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییە قورسە نایەمە دەر. فەرمووی: نیگەران مەبە، فێر دەبیت و ئێمەش لەگەڵتین. بەداخەوە من وەسواس بووم و دەترسام و قبووڵم نەکرد... .

بەڵێ هزر و هەڵسوکەوت و خەونەکانی دوکتور قاسملوو لە مەڕ پێگەیشتنی ژن و چارەسەر کردنی کێشەکانی ژن زۆر جوان و بەرفراوان بوو. ئەگەر دوکتور قاسملوو لە ژیاندا مابا بێ‌شک بارودۆخی ژنان بەتایبەت لە حیزبدا زیاتر ئاڵوگۆری بەسەردا دەهات و ژنان خۆیان لە فەزا و کەشێکی کراوەتردا دەدۆزیەوە و دەرگایەکی ڕووناکتر بە ڕوویاندا دەکرایەوە و زووتر پەیژەکانی پێگەیشتنیان تا لوتکە دەپێوا.