کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی پێشووی سەنتکام: ئێران پێویستە بەر لە هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل، باش بیری لێ بکاتەوە

21:17 - 15 گەلاوێژ 2724

فەرماندەی پێشووی سەنتکام: ئێران پێویستە بەر لە هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل، باش بیری لێ بکاتەوە

 

واشینگتۆن تایمز – بێن وۆلفگانگ

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

فەرماندەی پێشووی سەنتکام دۆینێ چوارشەممە گوتی، ئێران دەبێ بەر لە دەستپێکردنی هێرشی تۆڵەئەستێنانە بۆ سەر ئیسڕائیل، باش بیری لێ بکاتەوە، چونکە کوشتنی ڕێبەری سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنیە، لە تاران کەلێنی توانای سەربازیی لە نێوان دوو وڵاتی دوژمن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی جوان ئاشکرا کرد.

لە وتووێژێکی تێروتەسەل لەگەڵ واشینگتۆن تایمز، ژەنڕاڵی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی، کێنێت ف. مەککێنزی، کە لە نێوان مارسی ٢٠١٩ هەتا ١ی ئاپریلی ٢٠٢٢، لە لایەن پێنتاگۆنەوە فەرماندەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بوو، گوتی "وێناچێ" ڕێبەرانی تاران بڕیاری هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر ئیسڕائیل بدەن. ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی مەزن لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران ڕۆژی چوارشەممە، دوای کوژرانی ئیسماعیل هانیە کە چووبوو بۆ تاران تا لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزشکیان دا بەشدار بێ، هاتەوە نێو ڕۆژەڤ.

ئیسڕائیل هێشتا خۆی لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی لەو هێرشەی بوو بە هۆی کوژرانی ڕێبەری حەماس، کە لە قەتەر دەژیا، بواردوە. بەڵام، هانیە دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر کە بوو بە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٢٠٠ ئیسڕائیلی و هۆی دەستپێکی شەڕی ئەو دواییانەی ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان، لە سەرووی لیستەی کوشتنی ئورشەلیم‌دا بوو. دەستبەجێ دوای هەڵمەتی ڕۆژی چوارشەممە، ئێران بەڵێنی دا تۆڵە لە دەوڵەتی جوولەکە بکاتەوە. بەڵام ژەنڕاڵ مەک‌کێنزی گوتی ڕێبەرانی سیستەمی ئایینیی تاران دەبێ لە ئەگەری کاردانەوەکانی هەنگاوی داهاتوویان تێ‌بگەن.

ژەنڕاڵ مەک‌کێنزی گوتی، "ئەمن پێم‌وایە هەڵمەتی ئیسڕائیلی، بەو گریمانەیە کە کاری ئیسڕائیلییەکان بێ و، ئێمە نازانین، جارێکی دیکە مەودای تەکنۆلۆژیکی نێوان ئێران و ئیسڕائیلی ئاشکرا کرد. و ئێران دەبێ لە کاتێکدا کە بیر لە تۆڵە ئەستاندنەوە لە ئیسڕائیل دەکاتەوە، بە قووڵی بیر لەوەش بکاتەوە."

ئەو گوتی، "جاری ڕابردوو ئەوان، لە ١٣ی ئاپریل، هەوڵیان دا شکستێکی سەرنجڕاکێش لە هەموو تەوەرەکان بوو بۆیان. ئەوان دەبێ لەکاتی بیرکردنەوە لە تۆڵەئەستاندنەوە، ئەوەش وەبیر خۆیان بێننەوە. من پێم‌وانییە وەڵامی بەربەرینی ئێران حەتمییە... ئەمن دڵنیام ئەوان کارێک دەکەن. نازانم ئەو کارە هێرشێکی مەزن دەبێ، یان نا."

‌هێرشی هاژەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ١٣ی پاریل لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسڕائیل لە لایەن ئیسڕائیل، وڵاتە یەکگرتووەکان و بە یارمەتیی وڵاتانی دیکەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو ئۆردن دوور خرایەوە. ئەو هێرشەی ئێران لە تۆڵەی هەڵمەتێکی ئیسڕائیل لە دیمەشق بوو کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی پلەبەرزی سوپای پاسدارانی ئێران.

ڕووداوی ناوبراو کە یەکەم هەنگاوی سەربازیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئێران دژی ئیسڕائیل بوو، هەڕەشەی نوقمکردنی سەرجەم ناوچەکەی لە کێشەیەکی هەمە لایەنەی تێدا بوو. بەڵام، لە کۆتاییدا، دوو دەوڵەتەکە لە لێواری تێکهەڵچوونەوە گەڕانەوە.

قووڵبوونەوەی گڕژییەکان حەتمییە؟

بەڵام کوشتنی ئاشکرای ئیسماعیل هانیە لە کات و ساتێکی پڕ کێشەتر لە هی پێکدادانی ئاپریل ڕوو دەدا. ئیسڕائیل هێشتا خەریکی وەخۆهاتنەوە لە هێرشی حەوتووی ڕابردووی حیزبوڵڵایە کە تێیدا ١٢ مێرمنداڵی ئیسڕائیلی لە بەرزاییەکانی گوڵان، کە لە لایەن ئیسڕائیلەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ، کوژران. ئیسڕائیل وەڵامی ئەو هێرشەی بە هەڵمەتی ئاسمانی بۆ سەر لوبنانی ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبوڵڵا دایەوە.

بۆ یەکەم جار ئیسڕائیل هێرشێکی ئاراستەی یەمەن کرد کە لەویدا چەکدارەکانی حوسییەکانی بەکرێگیراوی ئێران کرانە ئامانج، هۆیەکەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر تەل‌ئەڤیڤ بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان لە مانگی جولای بوو کە بووە هۆی کوژرانی شارۆمەندێکی ئیسڕائیل. هەموو ئەوانە، لەگەڵ هەڵمەتی هەنووکەیی ئیسڕائیل دژی حەماس لە کەرتی غەززە، بوونە هۆی پەرەگرتنی ترس لەوە کە قووڵتربوونەوەی گرژییەکان ئەگەر هەر ئێستا دەستی پێ نەکردبێ، ڕووداوێکی خۆ لێ لانەدەر دەبێ.

ژەنڕاڵ مەک‌کێنزی گوتی، "بێگومان قووڵتربوونەوەی گرژییەکان مومکینە،" بەڵام ئەو هۆشداریی دا کە بیرۆکەی پێشگرتن بە قووڵبوونەوەیەکی ئەوتۆ نابێ تەنیا کەڵکەڵەی ئەوانە بێ کە دارێژەری سیاسەتن.

ئەو گوتی، "دەزانی، پێشگرتن بە قووڵتربوونەوەی گرژییەکان ناتوانێ بەرزترین ئامانجی تۆ بێ. بێتوو ئاوا بێ، پێویستە ناوچەکە بەجێ بهێڵی. ئێمە باس لە پێشگرتن بە قووڵتربوونەوەی گرژییەکان دەکەین و دەبێ ئەو کارە بکەین. بەڵام ئەوە نابێ گرینگترین ئەرک بێ، تۆ دەبێ پێشترییەتی دیکەشت هەبن."

لە ڕاستیدا، پێشگرتن بە قووڵتربوونەوەی گرژییەکان وێدەچێ ئامانجی سەرەکیی بەڕیوەبەرایەتی بایدن لە ناوچە بێ. وەزیری کاروباری دەرەوە، ئانتۆنی بلینکەن، ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ چانێڵ نیوز ئاسیا، تەنیا چەند کاتژمێر دوای ئەو هێرشەی کە بووە هۆی کوژرانی بەڕێز هانیە لە تاران، ئەوەی دووپات کردەوە. بەڕێز بلینکەن گوتی، "یەکێک لەو شتانەی ئێمە جەختی لەسەر دەکەینەوە هەوڵدان بۆ دڵنیابوون لەوەیە کە کێشەی غەززە پەرە نەستێنێ، نەگاتە شوێنی دیکە، قووڵتر نەبێتەوە و، ئێمە درێژە بەو هەوڵانەمان دەدەین."

پەرچەکرداری ئێران

سەرنجەکان ئێستا ئاراستەی چۆنیەتیی پەرچەکرداری ئێران دەکرێن. بێگومان ئیسڕائیل چاوەڕوانی جۆرێک تۆڵە ئەستاندنەوەیە. سەرۆک‌وەزیران بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی چوارشەممە ئەوەندە ئاماژەیەی کرد و بەڵێنی دا دەوڵەتەکەی "تێچوویەکی قورس و تەواو تووشی هەر دەستدرێژییەک دەکات کە لە هەر بەرەیەکەوە ئاراستەمان بکرێ." بەڕێز نەتانیاهو گوتی، "ڕۆژانی پڕ لە ئالنگاریمان لەپێشن."

پەرچەکرداری ئێران یەکەم تاقیکاریی بەڕێوەبەرایەتیی پزشکیان دەبێ. مەسعوود پزشکیان وەک جۆرێک ڕێفورمخواز لە تاران سەیر دەکرا، بەڵام دەوڵەتەکەی وێدەچێ درێژەدەری گوڕەشە وسیاسەتە دژی ئیسڕائیلی و دژ ئەمریکاییەکانی باو بێ کە لە لایەن ڕێبەری گەورە، عەلی خامنەییەوە داڕێژراون.

بەشێک لە لێکۆڵەرەوان دەڵێن ئێران لە جیات هێرشی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازیی و سوپای پاسداران، وێدەچێ زۆرتر پشت بە ڕایەڵەی هاوپەیمانانی لە ناوچە وەکوو، حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و میلیشیا شیعەکانی عێراق و سووریە بۆ بە ئامانج گرتنی ئیسڕائیل وبەرژەوەندییەکانی ببەستێ. حیزبوڵڵا زۆر وێدەچێ ببێتە ئامرازی تۆڵە ئەستاندنەوە، بە لەبەر چاو گرتنی نزیکیی لە باکووری ئیسڕائیل و ئەو ڕاستییە کە ئەو دوو لایەنە هەر ئێستا بە شێوەی پەرەئەستێن لە شەڕێکی تووندوتیژانەدا گیریان کردوە.

ئاڤی مەلامەد، کاربەدەستێکی پێشووی هەواڵگریی ئیسڕائیل ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا کە لەنێو ڕۆژنامەنووساندا دەستاودەستی پێ دەکرا گوتی، "هەر ئێستا وێدەچی وتووێژ لە نێوان ئێران و حیزبوڵڵادا بۆ دیاریکردنی قەبارەی هەڵمەتێکی ئەوتۆ لە ئارادابێ، کە وێدەچی لەجیات کۆمەڵگە مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان، دامەزراوە سەربازییە سەرەکییەکانی ئیسڕائیل بکرێتە ئامانج. ئێران لە دۆخی گەلێک دژواری وەڵامدانەوە بە ئیسڕائیلە بێ ئەوەی خۆی و ئیسڕائیل بخاتە ڕێچکەی قووڵترکردنەوەی گرژییەکان کە ئێسڕائیل ناچار بە وەڵامی لە ڕادەبەدەری بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەی بکات."

بۆ ئیسڕائیل، هەر دێتوو ئاشکراتر دەبێ کە ئامانجی سەرەکی دەبێ لێك‌هەڵوەشاندنی ڕایەڵەی بەکرێگیراوانی ئێران، ناسراو بە "تەوەری بەرگری"، تا ئەو جێیەی مومکینە بێ. هێندێک لێکۆڵەرەوە جێبەجێ‌کردنی ئەو کارە بە بێ گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانیان هێنابوو ژێر پرسیار.

ژەنڕاڵ مەک‌کێنزی گوتی، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی دەتوانن ئامانجی سیاسەتەکانیان بپێکن، بێ کردەوەی ڕاستەخۆ دژی تاران. ئەو گوتی، "گۆڕینی ڕێژیم نابێ لە سەر مێز لاببرێ، بەڵام ئێمە پێویست ناکات ڕاستەوخۆ بەدوایەوە بین تا بگەینە هێندێک ئامانجی دیکە لە ناوچەکەدا."

***