کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: چڕکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قازانجی تاران نییە

11:27 - 16 گەلاوێژ 2724

ڕۆژێک دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن بۆ تاران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا چەندین پەیامی بۆ ئێران ناردووە و ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی تاراندا نییە.

مەتیۆ میلێر ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەوانان وتی کە ناتوانرێت پێشبینی لەسەر ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بکرێت و ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، هەروەها زیادی کرد: ''ئێمە بەردەوام لە ڕێگەی کاناڵە دیپلۆماتیکەکانەوە پەیاممان ناردووە و وڵاتانمان هان داون بە ئێران بڵێن کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و ئێمە بەرگری لە ئیسرائیل دەکەین''.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە سەردانی شۆرای ئەمنییەتی ڕووسیە بۆ تاران وتی کە ئەمریکا پێشبینی ناکات مۆسکۆ ڕۆڵێکی بنیاتنەر لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگێڕێت.

لە کاتێکدا ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیاکانی بۆ سەر ئیسرائیل لە کاردانەوە بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی حەماس، لە تاران زیادی کردووە، هەنگاوە دیپلۆماتیکەکانیش بۆ پێشگرتن لە شەڕ خێراتر بووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە وتووێژی نێوان سەرکۆماری ئەمریکا و شا عەبدوڵڵا، لایەنەکان باسیان لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لەوانە گەیشتن بە ڕێککەوتنی دەستبەجێی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کردووە.