کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشەکدا بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد لانیکەم پێنج کەس لە هێزەکانی ئەمریکا بریندار بوون

12:11 - 16 گەلاوێژ 2724

لە هێرشێکی ڕاکێتی بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد لە عێراق کە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکایە، چەند هێزیکی ئەمریکایی بریندار بوون و تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، دوو مووشەکی کاتیۆشا پایگای عەینولئەسەد لە ڕۆژاوای عێراقیان کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە پێنج کەس لە هێزەکانی ئەمریکا بریندار بوون.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، لە لێدوان لەگەڵ ڕۆیتێرز، سەختی برینەکانی یەکێک لە هێزەکانی ئەمریکایان بە جیددی وەسف کردووە، بە وتەی ئەوان بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ژمارەی بریندارەکان پێنج کەس بووە، بەڵام پێدەچێت ئەم ژمارەیە بگۆڕێت.

هاوکات هەواڵدەریی ''ئاسۆشەتێدپرێس'' ژمارەی بریندارەکانی حەوت کەس ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی چەند کەس لە بریندارەکان غەیرە نیزامین و هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەدی لە ئەستۆ نەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەم هێرشە پەیوەندیی بە هەڕەشەکانی تارانەوە سەبارەت بە تۆڵەسەندەوەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە هەیە یان نا.

بە وتەی پێنتاگۆن، لۆید ئاستن و یووئاڤ گاڵانت، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا دوای ئەم هێرشە، لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە ئەم هێرشە نیشانەی پەرەسەنەدنی مەترسییەکانی دۆخەکە لە ناوچەیەکە