کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل خوازیاری هێرشی دەسپێشخەرانە بۆ سەر ئێران و حیزبوڵلای لوبنانن

12:13 - 16 گەلاوێژ 2724

ڕۆژنامەی جروزاڵم پۆستی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە داواکاریی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و حیزبوڵلای لوبنان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی ئیسرائیل داوایان لە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان کردووە کە چاوەڕوانی هێرشی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی نەبن و هێرشێکی دەسپێشخەرانە بکەنە سەریان.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە فەرماندە سەربازییەکان بە لەبەرچاوگرتنی گشت لایەنەکانی دۆخەکە، باشترین کاریان بەوە زانیوە دەسپێشخەر بن و پێش کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی، هێرشەکە ئەنجام بدەن.

هەر لەم پێوەندییەدا لێندزی گراهام سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا ڕوو لە دەوڵەتی بایدێن و هەریس ڕایگەیاندووە "ئێستا کاتی گۆڕێنی ڕێگەیە و سیاسەتی بەرگریکارانە لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی چارەسەر نییە و دەبێت هێرش بکرێتە سەر ئێران و میلیشیاکانی تا پێش بە کارەسات بگیرێت".

تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە دوای دەسپێکی شەڕی غەززەوە بە هۆی کوژرانی کەسی یەکەمی حەماس و کەسی دووهەمی حیزبوڵڵا، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەگەری شەڕێکی گەورەدایە.

حەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل لە کاردانەوە بە هێرشی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر بەرزاییەکانی گوڵان و کوشتنی ١٢ منداڵ، فواد شوکر باڵاترین فەرماندە و کەسی دووهەمی حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت و تەنیا چەند کاتژمێر دوای ئەوەش، ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماسی لە تاران کوشت.

لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان لە کاردانەوەدا، بەڵێنی هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیلیان داوە و ڕایانگەیاندووە کە تۆڵەی ئەو دوو کەسە لە ئیسرائیل دەکەنەوە.